چه‌ند مادده‌یه‌كی تر له‌ پڕۆژه‌ یاسای به‌خشین ‌و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ په‌سند كرا

30/06/2015 11:57:00 ص
له‌ به‌شی یه‌كه‌می دانیشتنی ژماره‌ 19ی ئاسایی ئه‌مڕۆیدا، په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ند مادده‌یه‌كی تر له‌ پڕۆژه‌ یاسای به‌خشین ‌و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ په‌سند كرد. 
سه‌عات 10ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/6/30، په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و ئاماده‌بوونی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (19)ی ئاساییی خولى به‌هاره‌، ساڵى دووه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجامدا. 
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌ش خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر  گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای به‌خشین ‌و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ له‌ كوردستان-عیراق ، به‌پێی مادده‌كانی (72، 74و 75) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر ڕاسپارده‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ر و ڕاگرتنی زیاده‌ڕۆیی، به‌پێی مادده‌ی (75) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر هێرشه‌كانی ئه‌مدواییه‌ى رێكخراوى داعش بۆ سه‌ر كۆبانێ، له‌سه‌ر داواى ژماره‌ى یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان ـ عیراق، خاڵی چواره‌میش بریتی بوو له‌ دانان و ئالوگۆڕكردنى هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، به‌پێى مادده‌ى (44) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌مواركراو، خاڵی پێنجه‌میش بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاساكانی (هه‌مواری سێیه‌می یاسای پارێزه‌رایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق ژماره‌ (17)ی ساڵی 1999، هه‌مواری سێیه‌می یاسای سه‌ندوقی خانه‌نشینیی پارێزه‌ران ژماره‌ (18)ی ساڵی 1999ی هه‌مواركراو ‌و پڕۆژه‌ یاسای پارێزه‌رایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان)، به‌پێی مادده‌ی (71) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، خاڵی شه‌شه‌م ‌و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش بریتی بوو له‌ راگه‌یاندنی كۆتاییهاتنی خولی به‌هاره‌ى ساڵى دووه‌م له‌ خولی چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌وه‌، به‌پێى بڕگه‌ى (2) له‌ مادده‌ى (17)ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌مواركراو.  
 
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار كه‌ بریتی بوو له‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای به‌خشین ‌و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ ، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی د.رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو ، كه‌ دوێنێ له‌ مادده‌ی چوارده‌یه‌می پڕۆژه‌ یاساكه‌ وه‌ستابوون، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ رێكاره‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ ‌و تیایدا داوای پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی پزیشكی كراوه‌ له‌ هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی پزیشكیی مۆڵه‌تدراو به‌ چاندن له‌ پزیشكانی پسپۆڕ كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ ره‌زامه‌ندیدان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ، دوای گفتوگۆكردنی پێشنیازكرا كه‌ بڕگه‌یه‌كی تر بۆ مادده‌كه‌ زیاد بكرێت به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانی ته‌ندروستی له‌ پارێزگاكان به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی رێكاره‌ زانستی ‌و یاساییه‌كانی به‌خشین ‌و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ، ئه‌و پێشنیازه‌ش به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا ‌و پاشان كۆی مادده‌كه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سند كرا.
سه‌باره‌ت به‌ مادده‌ كانی (16،15)ی پڕۆژه‌ یاساكه‌ش، كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ تایبه‌ت بوون به‌ رێكاره‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ ‌و تیایاندا هاتووه‌ نابێت هیچ ئه‌ندامێك یان به‌شێكی ئه‌ندام یان شانه‌یه‌ك له‌ جه‌سته‌ی مردووێك بگوازرێته‌وه‌ به‌بێ سه‌لماندنی هۆكاری مردنه‌كه‌، ئه‌ویش به‌ سه‌لماندنێكی دڵنیاییده‌ر كه‌ ئه‌ویش به‌ كۆده‌نگیی بیروبۆچوونی لیژنه‌یه‌كی سییانی له‌ پزیشكانی پسپۆڕ ده‌بێت، هه‌روه‌ها پێكهێنانی تیمێكی پزیشكیی به‌رپرس له‌ چاندن له‌ هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك له‌ دامه‌زراوه‌ مۆڵه‌تپێدراوه‌كان ‌و سه‌رۆكی ئه‌و لیژنه‌یه‌ش به‌رپرس ده‌بێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆگرامی چاندن له‌ دامه‌زراوه‌كه‌ ‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاری تیمه‌كه‌ ‌و نوێنه‌رایه‌تیكردنی پرۆگرامه‌كه‌ له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی باڵا ‌و لیژنه‌ی پارێزگاكان ‌و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ پزیشكی ‌و كارگێڕییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ‌و پێكهێنانی تیمێكی پزیشكیی لێهاتوو له‌و پارێزگایانه‌ی كوردستان كه‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت به‌ ئامانجی وه‌رگرتنی ئه‌ندامه‌كان له‌وانه‌ی كۆچی دواییان كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاندن، دوای گفتوگۆكردنیان ‌و خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌ جیا په‌سند كران.
له‌ به‌شی پێنجه‌می پڕۆژه‌ یاساكه‌ش، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ سزاكان، مادده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م كه‌ تیایدا هاتبوو ئه‌و سزایانه‌ی كه‌ له‌و یاسایه‌دا دقنووسكراون رێگرنین له‌ پیاده‌كردنی هه‌ر سزایه‌كی تووندتر كه‌ له‌ یاسای سزادان ‌و هه‌ر یاسایه‌كی تر ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیازكرا ئه‌و مادده‌یه‌ لابدرێت، به‌ڵام پێشنیازه‌كه‌ ده‌نگی پێویستی نه‌هیًَنا ‌و مادده‌كه‌ به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌ندامان په‌سند كرا.
سه‌باره‌ت به‌ مادده‌كانی تری كه‌ له‌ ژێر به‌شی سزاكاندا هاتبوون، دوای گفتوگۆكردنی بۆچوونی جیاواز هاتنه‌ ئاراوه‌، بۆیه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی زیاتر له‌ به‌رده‌م لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ دیراسه‌كردنی زیاتری مادده‌ سزاییه‌كان دانیشتنه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی یه‌ك سه‌عات دواخست.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ