په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان كۆبوونه‌وه‌

30/06/2015 07:56:00 م
به‌ مه‌به‌ستى تاووتوێكردنى كۆمه‌ڵێك پرس و چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى دارایی و سووته‌مه‌نى، ئه‌مڕۆ 2015/6/30، هه‌ر دوو لیژنه‌ى دارایی و كاروباری ئابووری ‌و وه‌به‌رهێنان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى د.عیزه‌ت سابرو لیژنه‌ى پیشه‌سازى وه‌زه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تيى د.شێركۆ جه‌وده‌ت و ئاماده‌بوونى ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵى ماده‌ى 140 له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم و ستافى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى له‌ بریكار و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كۆبۆوه‌.
 له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ قه‌یرانی دارایی ‌و چۆنیه‌تیی دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم ‌و كێشه‌ی سووته‌مه‌نی ‌و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنیان تاووتوێ كران ‌و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌، چه‌ندین پرسیار له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاراسته‌ى وه‌زیره‌كه‌ى حكومه‌ت و شاندى یاوه‌رى كرا.
له‌ لێدوانێكیشیدا بۆ سایتی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح رایگه‌یاند: "له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ر كۆبووینه‌وه‌، ته‌وه‌رى یه‌كه‌م ئه‌وه‌ بوو چۆن كێشه‌ى دارایی و مووچه‌ى هاووڵاتییان به‌ ته‌واوه‌تى چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌و پلانه‌ سه‌ره‌تاییه‌ى كه‌ دانرا ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌وڵ بدرێت پێش جه‌ژنى ره‌مه‌زان له‌ رێگه‌ى دارایی و نه‌وته‌وه‌ ئه‌و مووچه‌یه‌ دابین بكرێت، هه‌روه‌ها له‌مساڵدا قه‌رزى ئه‌و سێ مانگه‌ى هاووڵاتییان كه‌ لاى حكومه‌ته‌ پێكه‌وه‌  بدرێت، ئه‌وه‌ به‌ڵێنى كۆتایى نییه‌، به‌ڵام هه‌وڵێكه‌ به‌پێى ئه‌و میكانیزمه‌ى كه‌ دانراوه‌".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا:  "وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان بڕیارى كۆتاییدا كه‌ له‌ مه‌ودوا  پاڵاوگه‌ى نوێ له‌ كوردستاندا دامه‌زرێت، بۆئه‌وه‌ى چیتر كوردستان پێویستیى به‌وه‌ نه‌بێت سووته‌مه‌نى له‌ ده‌ره‌وه‌ بهێنێت، بۆ ئه‌مه‌ش دواى جه‌ژن رێنمایى دامه‌زراندنى پاڵاوگه‌ى هاوچه‌رخ و نوێ  به‌ ستانداردى جیهانى،  سه‌رمایه‌دارانى ناوخۆیى و جیهانى لێ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى پڕۆژى خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن و له‌ پرۆسه‌یه‌كى شه‌فافدا پاڵاوگه‌ى نوێ بكرێته‌وه‌".
سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانى سووته‌مه‌نیش، ته‌ها زه‌نگه‌نه‌ بریكارى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان، به‌ سایتی په‌رله‌مانی راگه‌یاند: "خواست له‌سه‌ر به‌نزین زیادى كردووه‌ و هه‌وڵه‌كانى وه‌زاره‌تیش به‌ پێى توانا دیاریكراوه‌كانى بووه‌، به‌ڵام  هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه‌ ئه‌و بڕه‌ى پێویسته‌ دابین بكرێت بۆ بازاڕ،  هه‌روه‌ها رێگا بكرێته‌وه‌ بۆ هه‌موو كه‌سێك كه‌ تواناى هاورده‌كردنى به‌نزین و دیزڵ و نه‌وتى سپیى هه‌یه‌ بیهێنێت و بیفرۆشێت،  تاوه‌كو  ئه‌و باره‌ قورسه‌ى له‌سه‌ر وه‌زاره‌ت هه‌یه‌ له‌ ناوخۆدا كه‌م ببێته‌وه‌".

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>