وتاری سەرۆکی پەرلەمان لە کۆتایی خولی بەهارەی پەرلەماندا

30/06/2015 08:24:00 م
بەناوی خوای گەورەوی میهرەبان
خوشک و برایانی خۆشەویست، پەرلەمانتارانی بەڕێز...
 ئەمڕۆ کۆتایی دەهێنین بە خولى به‌هاره‌ له‌ خولــی هه‌ڵبژاردنی چواره‌مى په‌رله‌مانی کوردستان، کە بە هەوڵ و ماندوبونی ئێوەو لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان دەکرێت بە خولێکی پڕ لە دەسکەوت و بەرهەم لەقەڵەم بدرێت؛ چونکە توانرا سەرەڕای ئەو هەلومەرجە سەخت و دژوارەی کە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی پێدا تێپەڕ دەبێ، سەرەڕای ئەو کێشە داراییانەی کە حکومەتی ناوەندی بۆ هەرێمی کوردستانی دروستکردوە، پەرلەمانی کوردستان لەبوارەکانی یاسادانان و چاودێری کردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەئەرکەکانی خۆی هەستێ، هەربۆیە بەباشی دەزانم بەم بۆنەوە بەشێوەیەکی خێرا تیشک بخەمە سەر ئەو یاساو بڕیارانەی کە لەم خولەدا لە پەرلەمانەوە دەرکراوە، هەروەها ئەو بانگهێشت و لێپرسینەوانەی کە لیژنە هەمیشەییەکان ئەنجامیانداوە:
پەرلەمانی کوردستان توانی لەم خولەدا ئەم یاسا وبڕیارانە دەرکات:
لەم خولەدا (١٩) دانیشتنی ئاسایی ئەنجامداوە؛
لە گەڵ (٢) دانیشتنی نا ئاسایی.
هەروەها (١١) یاسای دەرکردوە.
لە گەڵ (٤) بڕیار.
لەم خولەدا پەرلەمانتاران (٣١٤) پرسیاریان ئاراستەی حکومەتی هەرێم کردوەتەوە و (٢٧٦) لەوپرسیارانە وەڵامەکانیان گەڕاوەتەوە.
هەرلەم خولەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ (٢٦) پرۆژە یاسا کراوە.
لە بواری بانگ کردنی وەزیرەکانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمدا:
(١٩) جار وەزیرەکانی کابینەی هەشتەم لە لیژنەکانی پەرلەماندا ئامادەبون.
(١٥) جار سەرۆکی دەستەکان لە لیژنەکانی پەرلەماندا ئامادەبون.
ئەمە جگە لە ئامادەبونی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بە کێشەی زیادەڕەوی
خاڵێکی گرنگ کەدەکرێت وەک شانازییەک بۆ خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمان تەماشا بکرێت مەسەلەی پێکهێنانی لیژنەی نوسینەوەی دەستورە، کە بە ماندوبون ومکوڕبونی هەمولایەک سەرەڕای دەرەنگ کەوتن توانرا بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە ئەو لیژنە دروست بکرێت، خۆشبەختانە دوای پێکهاتنی، لیژنەکە دەستی بەکارەکانی کردوەو بەردەوامە لە ئامادەکردنەوەی پرۆژەی دەستور، بۆیە سەرەڕای دەستخۆشیمان و هیوادارین لەو ماوەی بۆیان دیاری کراوە ئەو ئەرکەی لە سەرشانیانە بە سەرکەوتوویی تەواو بکەن ودەستورێک ئامادە بکەن کە لە گەڵ پرەنسیپەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتدایە کانگیربێت و هەرێمەکەمان بکاتە نمونەیک لە پێکەوەژیان و دادپەروەی کۆمەڵایەتی وبەدامەزراوەیی کردنی هەمو جومگەکانی دەسەڵات.
پەرلەمانتارانی بەڕێز .. 
وەک دەزانن زیاتر لە ساڵێکە هەرێمی کوردستان لە پاڵ قەیرانە داراییەکانی، روبەڕوی دڕندەترین پەلاماری تیرۆریستی بوەتەوە و رۆژانە پێشمەرگە قارەمانەکانمان لەبەرەکانی جەنگ و روبەروبونەوەدا بە خۆێنی خۆیان بەرگری لە دەسکەوتەکانی گەلەکەمان و خاکی کوردستان دەکەن، ئەمەش بەرپرسیارێتی ئێمە زیاتر دەکات هەم بەرامبەر بە ئەوان هەمیش بەرامبەر بەو پرەنسیپ و ئامانجانەی کە ئەوان دەیپارێزن، بۆیە دەبێ بە گیانی لە خۆبوردەیی و هەستکردن بەبەرپرسیارێتیەوە ئەرکەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین و جیاوازیەکانمان بکەینە هەوێنی پتەوکردنی دیموکراسی و بە گیانی یەکڕیزی و سازان و لەچوارچێوەی پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی وحوکمی یاسا ناکۆکیەکانمان بەڕێوەبەرین و نەکەینە خاڵی لێکترازان و ململانێی نادروست.
یەکێک لەو گرفتانەی کە لە ئێستادا روبوڕووی پرۆسەی سیاسی بوەتەوە لە هەرێمی کوردستان مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، ئێمە لە سەرەتای ئەم خولەوە بە گیانی بەرپرسیارێتی نیشتمانیەوەو بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی کە هەرێمی پێدا تێپەڕ دەبێ هەوڵی تەواومانداوە بە شێوەی سازان و دور لە ململانێ ئەم مەسەلەیە لە نێوان هێزە سیاسیەکاندا چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە، بۆیە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە حکومەتمان کرد و داوامان لێکردن کە لای خۆیانەوە بۆچون و پێشنیارەکانی خۆیانمان بۆ گەڵاڵە بکەن، وەک دەزانن بەشی زۆری لایەنە سیاسیەکان لە رێگەی هێنانی پرۆژە یاساوە بۆچونەکانی خۆیانیان خستەڕوو، بەڵام بەشێک لە هێزە سیاسیەکانی هەرێم وفراکسیۆنەکانی ناوپەرلەمان لەومەسەلەیەدا رای جیاوازیان هەبوو، وەک دەزانن لە دیموکراسیەتدا ئەوە بە خاڵە ئاسایی و یاساییەکان لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام هەلومەرجی هەرێمی کوردستان وئەو دۆخە نالەبارەی کە ناوچەکەی پێدا تێپەڕ دەبێ لەسەرمان دەخوازێت لەو مەسەلە گرنگ و هەستیارەدا لەچوارچێوەی یاساداو دور لە بەرژەوەندی حیزبی ئەم مەسەلەیەش چارسەر بکڕێت و بەرژەوەندی کوردستان بخرێتە سەر هەموو ئیعتبارێکەوە، ئەوەش ئەرکی لایەنە سیاسیەکانەو چاوەڕێ دەکرێت لە رێگەی لێکتێگەیشتن و سازانەوە بە جۆرێک کە هەمو لایەک تێدا براوە بێت مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێمیش چارەسەر بکرێت. لەمڕوەوە پەرلەمانی کوردستان سەرباری ئاوەڵاکردنی دەرگا بەڕووی سازان لە سەر پرۆژەی دەستوری هەرێم، رێچکەی یاسایی چارەسەری ئەم پرەسەی دەستپێکردوەو ئومێدەوارین پاش سازانی فراکسیۆن و لایەنە سایسەکان قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم بکرێتە درفەتێک بۆ تێگەیشتنی قوڵتر و واقعیانە لە نێوان لایەنە سیاسیەکان وبەدامەزروەیی کردنی زیاتری هەرێمی کوردستان.
خۆشکو برایانی بەڕێز.. دیزانی نەخشەی ناوچەکە  لەبەردەم گۆڕانکاریدایە، هەمو وڵاتان و گەلانی دەوروبەرمان کاردەکەن بۆ ئەوەی بە زۆرترین دەسکەوتەوە لێی دەرچن، بەشی زۆری ملمانێکانیش لە سەر خاکی کوردستان بەڕێوەدەچێت و هێزە کۆنەپەرەست و شۆڤێنیەکانیش کاردەکەن بۆ ئەوەی کورد وەکو جاری جاران لە ژێردەستیدا بێت و نیشتمانەکەی بە پارچەپارچەیی و داگیرکراوەیدا بمێنێتەوە، بۆیە لەسەرمانە بە گیانی یەکڕیزی و تەباییەوە کاربکەین بۆ ئەوەی گەلەکەمان و نیشتمانەکەمان ئەم قۆناغە سەخت و دژوارە تێپەڕێنێت و نەوەی ئایندە لە سایەی قوربانیەکانی پێشمەرگەو رۆڵە دڵسۆزەکانیدا بە ئاشتی و ئارامی بژی.
بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمای کوردستان...
بە پێویستی دەزانم داواتان لێ بکەم لە رێگەی لیژنەکانتانەوە لەوکاتەدا کە پەرلەمان لە پشوی دەرکردنی یاسادایە، ئەرکەکانی خۆتان لە گەڵ چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا درێژە پێ بدەن و نەخشەو بەرنامەی گونجاو بۆ وەرزی داهاتووی کارەکانتان دابنێن..
سەرکەوتوو سەرفراز بن
                                                                  یوسف محەمەد سادق
                                                                سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
                                                             ٣٠/٦/٢٠١٥                  

رۆژمێرى رووداوه‌كان