گه‌یاندنی پرسه‌نامه‌ ‌و هاوكاریی په‌رله‌مان به‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی دژ به‌داعش به‌رده‌وامه‌

01/07/2015 03:58:00 م
به‌ مه‌به‌ستى تاووتوێكردنى چه‌ند بابه‌تێك، سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 2015/7/1، لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئارى محه‌مه‌د هه‌رسین سه‌رۆكى لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونى جێگر و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ كۆبۆوه‌.
له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ لیژنه‌كه‌ هه‌وڵه‌كانیان چڕتركرده‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى هاوكارییه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ زووترین كات بگاته‌ خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و بریندارانى شه‌ڕى تیرۆریستانى داعش، هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ لیژنه‌كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ گوێى له‌ ئه‌فسه‌رێكى سه‌ربازیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ گرت له‌باره‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ زانستییه‌كانى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ تیرۆریستانى داعش.
له‌ به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌ لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسى بڕیاریدا له‌ راپۆرتێكى تێروته‌سه‌ل له‌ رێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌  نادروستیى و كه‌موكوڕى له‌ به‌شێكى كاره‌كانى سه‌ربازى و لیستى ناوى شه‌هیدان و برینداران ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بكات.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌ش ره‌وشى میحوه‌ره‌كان و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ تاووتوێ كران.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>