پڕۆژه‌ یاسای ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى ئاماده‌ ده‌كرێت

07/07/2015 10:25:00 م
به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌باره‌یه‌وه، تاووتوێكردنی پڕۆژه‌ یاسای ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و منداڵ و خێزان  به‌رده‌وامه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌مڕۆ 2015/7/7، لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و منداڵ و خێزان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى گه‌شه‌ دارا سه‌رۆكى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونى جێگر و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارى لیژنه‌كه‌ و نوێنه‌رى سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان كۆبۆوه‌.
لاى خۆیه‌وه‌ گه‌شه‌ دارا سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و منداڵ و خێزان رایگه‌یاند: "چه‌ند مادده‌یه‌ك له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ په‌سه‌ند كراون و به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌رى و له‌ چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تردا كۆتایی پێدێنین".
سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌ یاساكه‌ش، شه‌ماڵ عبدالله راوێژكارى لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و منداڵ و خێزان رایگه‌یاند: "پڕۆژه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چینى هه‌ژار و كۆمه‌ڵێك شت له‌خۆ ده‌گرێت، له‌وانه‌ نیشته‌جێبوون و هاوكاریكردنیان له‌ رووى مادى و دابینكردنی پێداویستیى پزیشكی و ته‌ندروستى و كۆمه‌ڵێك بابه‌تى جیاجیاى تر كه‌ كه‌سانی كه‌مده‌رامه‌ت پێویستییان پێیه‌تى".
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "به‌ گوێره‌ى ئه‌و یاسایه‌ى كه‌ داده‌ڕێژرێته‌وه‌ چاره‌سه‌رى پێویستى بۆ دانراوه‌ كه‌ حكومه‌ت هه‌ڵده‌ستێ به‌م كاره‌ له‌ رێگاى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن و هه‌روه‌ها ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى ترى حكومه‌ت".

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ