به‌دواداچوون بۆ بڕیاری به‌خشینی پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدانى شه‌ڕى داعش له‌ پێشینه‌كان ده‌كرێت

08/07/2015 02:37:00 م
به‌ مه‌به‌ستى تاووتوێكردنى چه‌ند پرسێكی گرنگی په‌یوه‌ست به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ‌و شه‌هیدانی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش، ئه‌مڕۆ 2015/7/8، لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئارى محه‌مه‌د هه‌رسین سه‌رۆكى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونى جێگر و بڕیارده‌ر و زۆربه‌ی ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی كاری لیژنه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و فه‌رماندانه‌ی كه‌ به‌رپرسیاربوون له‌ شكسته‌كان ‌و پاشه‌كشه‌كردن له‌ هه‌ندێ شوێن له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش ‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ دلێر مسته‌فا جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان وقوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسی، رایگه‌یاند: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسمان له‌ ده‌رئه‌نجامى كاری ئه‌و لیژنانه‌ كرد كه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم پێكیهێناون بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و فه‌رماندانه‌ی كه‌ له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕدا بوونه‌ته‌ مایه‌ى شكست ‌و پاشه‌كشه‌كردن له‌ هه‌ندێ شوێن ‌و بڕیاردرا به‌دواداچوونى بۆ بكرێت تا بزانین كاره‌كان به‌ كوێ گه‌یشتوون".
ئه‌وه‌شی وت: "شه‌ش مانگ به‌سه‌ر راگرتنى مووچه‌ى ئه‌و شه‌هیدانه‌دا تێپه‌ڕیوه‌ ‌و تاكو ئێستا شه‌هیدانه‌یان بۆ نه‌كراوه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نووسراو بۆ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كراوه‌ بۆئه‌وه‌ى وه‌ڵامى نووسراوى وه‌زاره‌تى ناوخۆ بده‌نه‌وه‌ تا نووسراوه‌كه‌یان بنێرنه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ‌و له‌وێشه‌وه‌ نووسراو بكرێت بۆ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان بۆئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌كانیان جێبه‌جێ بكرێت".
سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری به‌خشینی پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدانی شه‌ڕی داعش له‌ پێشینه‌كان، دلێر مسته‌فا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا: "بڕیاره‌كه‌ ده‌رچووه‌، به‌ڵام به‌ پراكتیكی دانه‌به‌زیوه‌ بۆ داموده‌زگاكان، لیژنه‌ به‌ نووسراو ئاگاداریان ده‌كاته‌وه‌ به‌ زووترن كات بڕیاره‌كه‌ دابه‌زێت، به‌ تایبه‌تى بڕیاری به‌خشینی شه‌هیدان له‌ پێشینه‌كان كه‌ بڕیارى له‌سه‌ر دراوه‌، بۆ به‌خشینی پێشمه‌رگه‌ش له‌ پێشینه‌كان، ده‌بێت وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌ به‌ زووترین كات لیستى ناوه‌كان ره‌وانه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی بكرێت بۆئه‌وه‌ى فه‌رمانه‌كه‌یان بۆ ده‌ربكات".
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و پێشنیاز خرانه‌ به‌ر باس ‌و هه‌ندێكیان كران به‌ نووسرا‌و بۆئه‌وه‌ى له‌ رێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بكرێن و چاره‌سه‌رى پێویستییان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>