سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوە

28/07/2015 12:57:00 م
د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، لە پێشوازیی(سۆکۆڵ کۆندی-sokol kondi) نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت "هاوکاری تەواویی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن بکەونە سەرکار و لەداهاتوودا بەشیوەیەکی پاک و بێگەرد سەرپەرشتیاریی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە نامانەوێت ئیدی هیچ هەڵبژاردنێک لە کوردستان دوابکەوێت."
ئەمڕۆ ٣شەممە، ٢٨-٧-٢٠١٥ (سۆکۆڵ کۆندی-sokol kondi) نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کۆبوویەوە.
لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی پەرلەمان ونوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی کێشەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان و هەوڵی فراکسیۆنەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاو چەند پرسێکی تر گفتوگۆیان کرد.
سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، وتی "پرسی هەڵبژاردن گرنگەو نامانەوێت ئەزمونە تاڵەکانی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دوبارەبێتەوە، دەمانەوێت بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە زەمینەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و ڕەوتی دیموکراتی بەرەپێش بچێت.
لەبارەی سەروەریی خاکی کوردستانیش، سەرۆکی پەرلەمان وتی "بەفەرمی ناڕەزاییەتی خۆمان بە تورکیا گەیاندووەو هیوادارین کێشەکان لەسەر مێزی دنوستاندن چارەسەر بکەن نەک بەڕێگەی سەربازیی.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانیش، وتی "نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕووی هونەریی و ڕاهێنانەوە، هاوکاری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ کێشەکانی هەرێمی کوردستانیش، سۆکۆڵ کۆندی وتی "هیوادارین بەزووترین کات لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش بگەنە ڕێگە چارەی یاسایی و ئەم قۆناغە تێپەڕێنن."

رۆژمێرى رووداوه‌كان