بەداخەوە شەوی ڕابردوو، بۆ جارێکی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندی زارگەلی (بناری قەندیل)یان بۆردومان کردەوە، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەشدا چەندین هاووڵاتی شەهید و برینداربوون. ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان ئەم ڕووداوە بە توندی ئیدانە دەکەین و هیچ پاساوێک بۆ ئەم بۆردومانانە بە ڕەوا نابینین، هیوادارین لەبری پەنابردن بۆ زمانی چەک و توندوتیژیی، حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکاران پەنا بەرنە بەر زمانی گفتوگۆو درێژەدان بە پڕۆسەی ئاشتی.
لەلایەکی تریشەوە ئیدانەی تەقاندنەوەی بۆری نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لەناوچەی شڕناخ دەکەین، هیوادارین هیچ لایەنێک لەکاتی ململانێ سیاسی و سەربازییەکاندا پەنا نەباتە بەر زیانگەیاندن بە هۆکارەکانی بژێویی و ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان. چونکە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی دژواردا تێپەردەبێ، کە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی عیراقەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر بژێوی هاووڵاتیان و گەشەپێدانی ئابوریی رەنگی داوەتەوە، تاکە هۆکاری دابینکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی نەوتە لەو ڕێگەیەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان.
دوبارە بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە داوە لە پارتی کرێکارانی کوردستان و حکومەتی تورکیا دەکەین، درێژە بە پڕۆسەی ئاشتی بدەن و هەوڵی لێکگەیشتن و چارەسەری گرفتەکانیان بدەن، نەک پەنا بەرنە بەر زمانی توندوتیژیی و چارەسەری سەربازیی.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
1-8-2015