سەرۆکی پەرلەمان پێشوازی لە باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەکات

05/08/2015 03:47:00 م
د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، لە پێشوازی باڵوێزی ئێران لە عێراق، دەڵێت"پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران مێژوویەکی دوردرێژی هەیە، هیوادارین وەک دوو دراوسێ پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش."
 ئێوارەی ئەمڕۆ ٤ شەممە ٥ ی ئاب، شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێران کە پێکهاتبوو لە حەسەن دانا فەڕ باڵیۆی ئێران لە عێراق و مورتەزا عیبادی سەرکونسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان و چەند گەورە بەرپرسێکی تری باڵوێزخانەی ئێران سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە.
 سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بە گرنگی هەماهەنگی هەردولا کرد لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش و پەیوەندی بازرگانی و فەرهەنگی و زانستی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێویستزانی.لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان، داوایکرد کارئاسانی بۆ کردنەوەی مەرزێکی نێودەوڵەتی لە پارێزگای هەڵەبجەی شەهید، بۆ ئەوەی جوڵەی بازرگانی لەو ناوچەیە بەهێزتر بکات."
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەبارەی شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش، ئاماژەی بەوەدا داعش بۆ ناوچەکە و جیهان جێگەی مەترسییە."سەبارەت بە کردنەوەی مەرزێکی نێودوڵەتیش لە هەڵەبجە، باڵیۆزی ئێران وتی: هەمو کارئاسانییەکی بۆ دەکەین، چونکە هەڵەبجە سیمبوڵی قوربانیدانە لە جیهاندا و ناوێکی درەوشاوەیە، پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێم و عێراق ڕێکارە یاساییەکانی تەواو بکەن، ئێمە بەخۆشحاڵییەوە ڕەزامەندی لەسەر کردندەوەی ئەو مەرزە دەردەبڕین."

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ