سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان : "نەرمی نواندنی پەرلەمان لەسەر پرسی سەرۆکایەتيی ھەرێم تا نەمانی شەرعیەتی سەرۆکی ھەرێمە"

12/08/2015 09:31:00 ص
د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، باسی پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم و ھەڵوێستەکانی ئەمریکا دەکات لەبارەی ھێرشەکانی توركيا بۆ سەر بارەگا و بنکەکانی پارتی کریکارانی کوردستان.
 د.یوسف محەمەد سادق رایدەگەیەنێت کە ئەو وەک سەرۆکی پەرلەمان، فراکسیۆنەکان بە رەسمی تر دەزانێت ‌ودەڵێت: بریا ئەو گفتوگۆیەی لایەنەکان لە دەرەوە دەیکەن لەسەر پرسی سەرۆکایەتی، لەناو پەرلەمان فراکسیۆنەکان ئەو گفتوگۆیەیان بکردایە، ئێستاش ھیواخوازە فراکسیۆنەکان بگەنە رێککەوتن.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی راگەیاند: "پەرلەمان نەرمی نوواندوە بۆئەوەی لایەنە سیاسییەکان بگەنە رێککەوتن لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم لە دەرەوەی پەرلەمان، بەڵام ئەو نەرمییەی پەرلەمان تا ئەو کاتەیە کە تەنگژەیەکی حەقیقی دروست دەبێت، ئەویش نەمانی شەرعیەتی سەرۆکی ھەرێمە و پێویستە پەرلەمان بڕیاری خۆی بدات".
سەرۆکی پەرلەمان ئەوەش دەخاتەڕوو کە لە نزیکترین دەرفەتدا لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم یەکلایی دەکەنەوە و ئەو پرسە پێویستیی بەدەرکردنی یاسا ھەیە و لە رێگەی یاساوە چارەسەر دەکرێت، ئەوانیش وەک سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھەوڵدەدەن بەبێ لایەنگیری مامەڵە لەگەڵ ئەو پڕۆژە یاسایانە بکەن بەوشێوەیەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان رەنگرێژی کردووە، دواتر دەرئەنجامەکەشی ھەرچی بێت فراکسیۆنەکان و پەرلەمان بەرپرسیارێتی ھەڵدەگرن.
ھەر لە دیدارەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "پێشتر سەبارەت بەو ھێرشانەی کە لە ماوەی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کردیانە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، ھەڵوێستی خۆمان راگەیاندووە، بەڵام پێشوازیش لەو ھەڵوێستانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەین کە جەنگی دژە تیرۆر تێکەڵ نەکرێت بە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکانی تورکیا و ھەوڵی ئەوە بدرێت ئەو ململانێ سیاسییانە بە شێوازی ئاشتییانە یەکلابکرێتەوە".
سەرۆکی پەرلەمان وتی : "پێویست دەکات ھەموومان، ھەم ھەرێمی کوردستان کە ئێستا بەشدارێکی راستەقینەی شەڕی دژە تیرۆرە، ھەم ھێزە کوردستانییەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی ئیقلیمی وەک ئێران و تورکیا و عیراق بە یەکەوە ھەوڵی بنبڕکردنی تیرۆر بدەین".
ئەوەشی وت: "ئەم بەڵایەی ئێستا ئەمن و ئاسایشی  جیھانی خستۆتە مەترسییەوە، پێویستە ھەوڵی ئەوە بدەین سەرکەوین بەسەرییەوە نەک ھەوڵەکان پەرش ببێتەوە و لە شوێنێکی تر شەڕێکی نەخوازراوی تر دروست بکرێت". 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ