ڕاگەیەنراوێک لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە

18/08/2015 07:37:00 م
     ئەنجومەنی شورای هەرێم لە بەرواری ١٧/٨/٢٠١٥ رادەربڕینێکیان بە ژمارە ٣٠/٢٠١٥ ئەنجام داوە تایبەت بە پرسی تەواو بوونی ویلایەتی سەرۆکی هەریم وە تیایدا هاتووە کە بەکۆتایی هاتنی بەرواری ١٩/٨/٢٠١٥ پۆستی سەرۆکی هەریم بە چۆلی نامینێتەوە بەڵکو بەردەوام دەبێت لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و ، ئاماژەیان بەوە داوە کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوای ناوبژیوانی (تحکیم)یان کردووە لەسەر ئەم بابەتە.
سەبارەت بەو پرسە ئەم ڕونکردنەوانە بە پێویست دەزانین:
١.وەکو پەرلەمانی کوردستان کە تاکە مەرجەعی خەڵکی کوردستانە رایدەگەیەنین، هیچ کاتێک داوای رادەربڕینمان لە ئەنجومەنی شورای هەرێم نەکردووە سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و، نوسراوی ئاماژە پێدراو کە گوایە لە سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ئاراستەیان کراوە  بە ژمارە(٢٠) لە ١٣/٨/٢٠١٥ ، لە پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتییەکەی دەرنەچووە و گوزارشت لە پەرلەمانی کوردستان ناکات. 
٢.بەپێی  ماددەی (١٧) برگەکانی (٨،٧،٦) لە پەیرەوەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، تەنها سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتی ئاراستەکردنی نوسراوی بۆ دەرەوەی پەرلەمان هەیە.سەرۆکی پەرلەمان تەنها دەسەڵاتی ئاراستەکردنی داواکاری و نوسراوی لیژنە و نوسینگەکانی پەرلەمانی بۆ لایەنی پەیوەندیداری داوە بە جێگری سەرۆکی پەرلەمان نەک نوێنەرایەتی یاسایی پەرلەمان و راوەرگرتنی یاسایی بە ناوی پەرلەمانەوە.
 هەروەها بە پێی مادەی (١٠) بڕگەی (یەکەم) لە یاسای ئەنجومەنی شورای هەریم تەنها سەرۆکی پەرلەمان مافی ئاراستەکردنی نوسراوی هەیە بۆ ئەنجومەنی شورا و بە گوێرەی ئەمەش  بە نوسراوی ژمارە (١٨)لە ٢٢/٤/٢٠١٥ ی ئەنجومەنی شورا کە بە روونی و بە پێی یاسای ئاماژە پێکراو داوایان لە پەرلەمانی کوردستان کردووە کە تەنها سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتی داواکردنی راو و بۆچونی هەیە لە ئەنجومەنی شورا. 
٣.رۆژی ١٧/٨/٢٠١٥ کە رۆژی کۆبونەوەی ئەنجومەنەکە بووە سەبارەت بەم پرسە، بەر لە دەستپێکردنی کۆبونەوەکەیان و لە کاتی ئەنجامدانیدا، سەرۆکایەتی پەرلەمان  بە هەردوو نوسراوی ژمارە (١٥٨٦) لە ١٧/٨/٢٠١٥  و ٤/٣/٤٢٨٧ لە ١٧/٨/٢٠١٥ ، ئەنجومەنی شورای ئاگادارکردۆتەوە کە تەنها سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت نوسراو ئاراستەی ئەنجومەنەکەیان بکات، هەر نوسراوێکی تر گوزارشت لە رای پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتییەکەی ناکات. بەڵام ئەنجومەنی شورا هەر سور بوو لەسەر کارەکەی خۆی و ، ئەمەش گومانی جددی دەخاتە سەر بێلایەنی و نەزاهەتی ئەنجومەنەکە. 
٤.بە پێی مادەی هەشتەم لە یاسای ئەنجومەنی شورا ( ئەنجومەن راوێژی یاسایی پێشکەش دەکات لەو پرسانەی کە لە لایەنی باڵاوە بۆ پرسپێکردن دەخرێنە بەردەمی) ئەمە تاکە مادەیە پەیوەندی بە پەرلەمانەوە هەبێت بەو سیفەتەی لایەنی باڵایە و مادەی (نۆیەم) پەیوەندی تەنها بە وەزارەتەکان و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەتەوە هەیە.
٥.پاڵپشت بەو هۆکارانەی ئاماژەمان پێدا، ئەو رایەی ئەنجومەنی شورا بۆ پەرلەمانی کوردستان باپەند(ملزم)نییە. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان