دانیشتنه‌ نائاساییه‌كه‌ی په‌رله‌مان ئه‌نجام نه‌درا

19/08/2015 12:35:00 م
به‌هۆی ته‌واونه‌بوونی ژماره‌ی یاساییی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، دانیشتنه‌ نائاساییه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام نه‌درا.
سه‌عات 12ی نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/8/19، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ‌و ئاماده‌بوونی فه‌خره‌دین قادر سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ 3ی نائاساییی په‌رله‌مان ده‌ستیپێكرد، به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ش تایبه‌ت بوو به‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاساى (هه‌موارى چواره‌مى یاساى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 2005ى هه‌مواركراو) و راپۆرتى لیژنه‌ى یاسایی سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاساى ئاماژه‌پێكراو، به‌پێى مادده‌كانى (72، 74 و 75) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌مواركراو.
به‌ر له‌ خستنه‌ رووی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌، سكرتێری په‌رله‌مان ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئاماده‌بووی دانیشتنه‌كه‌ی راگه‌یاند كه‌ ژماره‌یان 53 ئه‌ندام بوو، بۆیه‌ به‌هۆی ته‌واونه‌بوونی ژماره‌ی یاسایی په‌رله‌مانتاران بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنی په‌رله‌مان به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ، دانیشتنه‌كه‌ ئه‌نجام نه‌درا.
جێی ئاماژه‌یه‌ 24 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ‌و 18 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان ‌و  6 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ‌و 5 په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ بوون.

رۆژمێرى رووداوه‌كان