له‌ دانیشتنی ده‌سپێكی خولی پاییزه‌
سه‌رۆكی په‌رله‌مان: "وه‌ك مه‌رجه‌عی باڵای یاسادانان په‌رله‌مان تاكه‌ شوێنی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمه‌"

02/09/2015 11:51:00 ص
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/9/2، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ‌و  ئاماده‌بوونی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان،دانیشتنی ده‌سپێكی خولی پاییزه‌ له‌ ساڵی دووه‌م له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌ دوو خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان به‌ بێده‌نگی بۆ رێزلێنان له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان ‌و عیراق له‌گه‌ڵ مارشی نه‌ته‌وه‌یی، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ كردنه‌وه‌ی خولی پاییزه‌ له‌ ساڵی دووه‌می خولی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان، به‌پێی بڕگه‌ (2) له‌ مادده‌ی (17) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كرد بۆ رێزلێنان له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان ‌و عیراق له‌گه‌ڵ مارشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ى ره‌قیب ده‌قیقه‌یه‌ك به‌ بێده‌نگی بوه‌ستن.
 
  
پاشان به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ بۆنه‌ی ده‌سپێكی خولی پاییزه‌، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد ‌و تیایدا ئاماژه‌ی به‌و قۆناغه‌ سه‌خت ‌و هه‌ستیاره‌ كرد كه‌ ئێستا ناوچه‌كه‌ ‌و هه‌رێمی كوردستانی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر ‌و رۆلی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانیشی به‌رزنرخاند له‌و شه‌ڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی كه‌ دژ به‌ تیرۆر ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ستایشی رۆلی به‌رپرسیارانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی ‌و فه‌رمانبه‌ران ‌و مووچه‌خۆرانی  كوردستانی كرد له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كه‌ به‌رپرسیارانه‌ ‌و خۆڕاگرانه‌ مامه‌ڵیان له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا كردووه‌ ‌و تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگ ‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیان گرتووه‌.
هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌ رۆل ‌و ئه‌ركی په‌رله‌مان ‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد له‌ پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ‌و په‌رله‌مانی به‌ تاكه‌ شوێنی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌ له‌ قه‌ڵه‌مدا ‌و رایگه‌یاند: "دڵنیاییتان ده‌ده‌ینی كه‌ ئوپه‌ڕی هه‌وڵی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ی ململانێ سیاسییه‌كانی ناوخۆ به‌ شێوازێكی ئاشتییانه‌ یه‌كلایی بینه‌وه‌ ‌و نه‌هێڵین كار له‌ یه‌كڕیزی ‌و وره‌ی پۆڵاینی پێشمه‌رگه‌ بكات، چونكه‌ جیاوازی ‌و ململانێی سیاسی نه‌ریتێكی دیموكراسییه‌، به‌ پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ به‌ گرنگی ‌و بایه‌خی لێكبووردن ‌و رێزگرتن له‌ جیاوازییه‌كان بده‌م، بوونی جیاوازی ئاماژه‌ی به‌روه‌پێشچوونی دیموكراتیی هه‌رێمه‌كه‌مانه‌".
هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان تیشكی خسته‌ سه‌ر رۆل ‌و ئه‌ركی په‌رله‌مان له‌ به‌ دامه‌زراوه‌ییكردن ‌و كاراكردنی رۆلی چاودێری ‌و ئه‌كتیڤكردنی بواره‌كانی تری په‌رله‌مان ‌و جه‌ختیشی له‌سه‌ر پێویستیی كاركردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان له‌و خوله‌یدا كاری جدییان له‌سه‌ر بكات، له‌وانه‌ پڕۆژه‌ی ده‌ستووری كوردستان ‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ‌و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر كاراكردنی رۆلی چاودێریی ئه‌ندامان ‌و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان له‌ چاودێریكردنی وردی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له‌ پێناو ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌ كۆی جومگه‌ ‌و لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ‌و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مان بۆ به‌ سیسته‌ماتیككردنی كه‌رتی وزه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ رێی دروستكردنی سه‌ندووقی داهاته‌ نه‌وتی ‌و گازییه‌كان به‌پێی یاساكه‌ی ‌و ده‌ركردنی یاساكانی تری په‌یوه‌ندیدار به‌ دادی كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و دادپه‌روه‌ری، به‌ تایبه‌ت ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و سۆشیاله‌وه‌ هه‌یه‌ ‌و هیوای خواست كه‌ ئه‌م دانیشتنه‌ ده‌سپێكی وه‌رزێكی پڕفڕی كاری په‌رله‌مانی بێت. 
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا ‌و رایگه‌یاند: "له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ ده‌ستده‌كه‌ین به‌ دانیشتنه‌ ئاساییه‌كانی وه‌رزی گرێدان". 

رۆژمێرى رووداوه‌كان