سه‌باره‌ت به‌ كۆچى گه‌نجان داواى روونكردنه‌وه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت كرا

09/09/2015 10:27:00 ص
سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى كۆچى به‌ لێشاوی گه‌نجان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌و وڵاتانى خۆرئاوا، شاندێكی لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و كاروبارى ره‌وه‌ندى كوردستانى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ڤیان عه‌باس جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ ‌و یاوه‌ریی بڕیارده‌ر ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌، سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان-یان كرد ‌و له‌لایه‌ن فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى فه‌رمانگه‌كه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا.
له‌ دیدارێكدا گفتوگۆیان له‌سه‌ر دروستبوونى په‌یوه‌ندی ‌و هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه‌ و جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وكردنی زیاتری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ كرایه‌وه‌ ‌و لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان داوایان كرد كه‌ له‌مه‌ولا ئاگادارى كۆبوونه‌وه‌كانى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى وڵاتانى بیانى و ئه‌و شاندانه‌ى سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.
له‌ به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و كاروبارى ره‌وه‌ندى كوردستانى له‌په‌رله‌مانى كوردستان، داوای روونكردنه‌وه‌یان له‌ به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كرد سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى كۆچكردنی به‌ لێشاوی گه‌نجانى هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌و وڵاتانى خۆرئاوا و دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێكى خێرا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌و كوردانه‌ى كه‌ ئێستا له‌ وڵاتى توركیا په‌نابه‌رن و بارودۆخیان باش نییه‌.
شایانی وتنه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كۆچى به‌لێشاوی گه‌نجان به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ستیپێكردووه‌.
هه‌روه‌ها له‌و دیداره‌دا لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان داوایان له‌ فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم كرد  كه‌ یاسایه‌كى تایبه‌ت به‌ فه‌رمانگه‌كه‌ له‌ رێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بكرێت به‌ مه‌به‌ستى گفتوگۆكردن و په‌سه‌ندكردنى، جگه‌ له‌مه‌ش لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و كاروبارى ره‌وه‌ندى كوردستانى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ له‌ نزیكترین كاتدا داتایه‌كى دروست ئاراسته‌یان بكرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ چه‌ند كه‌س به‌ رێگه‌ى كونسوڵى وڵاتان له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ رۆیشتوون و چه‌ندى دیكه‌ش به‌ رێگه‌ى نایاسایی كۆچیان كردووه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>