داوا له‌ ئه‌نجوومه‌نی سیناتی به‌لجیكا كرا هاوكارییه‌ مرۆیی ‌و سه‌ربازییه‌كانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان زیاتر بكه‌ن

13/09/2015 07:12:00 م
سه‌رۆكی په‌رله‌مان رۆلی گرنگ ‌و كاریگه‌ری به‌لجیكا له‌ هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش به‌رزنرخاند ‌و داوای له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سیناتی به‌لجیكا كرد كه‌ هاوكارییه‌ مرۆیی ‌و سه‌ربازییه‌كانین بۆ  هه‌رێمی كوردستان زیاتر بكه‌ن.
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/9/13، د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان، له‌ نووسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ ئالین دیستێكس ‌و پۆل ڤان دێن درێش ‌و سۆنیا كلاس ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سیناتی به‌لجیكا ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژكارانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌.
له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌ دۆستایه‌تیی نێوان كورد و به‌لجیكا و په‌یوه‌ندیی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی سیناتی به‌لجیكا كرد ‌و جه‌ختی له‌ پته‌وكردنی زیاتری ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرده‌وه‌ ‌و داوایكرد كه‌ هه‌وڵه‌كانیان چڕتر بكه‌نه‌وه‌ بۆ هاوكاریكردنی وڵاته‌كه‌یان له‌ رووی مرۆیی ‌و سه‌ربازییه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر رۆلی گرنگ ‌و كاریگه‌ری به‌لجیكا له‌ هاوكاریكردن ‌و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش.
پاشان د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ وته‌یه‌كی كورتدا ستایشی هاوكاری ‌و پشتیوانی ‌و گرنگیدانی به‌لجیكا به‌ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ ‌و رایگه‌یاند: "پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێم كێشه‌ی له‌به‌رده‌مدایه‌، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پێگه‌یشتوویی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان وا ده‌كات هه‌موو گرفته‌كانمان به‌ رێگه‌ی ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین".
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ شانده‌كه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، خۆشحاڵی خۆیان به‌ سه‌ردانیكردنی هه‌رێمی كوردستان ‌و ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا هاتوونه‌ته‌ دی ده‌ربڕی ‌و رۆلی گه‌وره‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش به‌رزنرخاند ‌و جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان ‌و ئه‌نجوومه‌نی سیناتی به‌لجیكا كرده‌وه‌ ‌و جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌وكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرده‌وه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ