دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆكردن ‌و په‌سندكردنی مادده‌كانی په‌یڕه‌وی نوێی په‌رله‌مان به‌رده‌وامه‌

06/10/2015 03:17:00 م
گفتوگۆكانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر مادده‌ و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ به‌رده‌وامیی هه‌یه‌. سه‌عات 03:30 ده‌قیقه‌ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/10/6، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ‌و ئاماده‌بوونی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان، به‌شی دووه‌می دانیشتنى ژماره‌ (5)ى ئاساییی خولى پاییزه‌، ساڵی دووه‌م له‌ خولــی چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو. 
 دانیشتنه‌كه‌ درێژه‌دان بوو به‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (5)ی ئاساییی په‌رله‌مان له‌ خولی پاییزه‌یدا، كه‌ بریتی بوو له‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر گفتوگۆكردنى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى كاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ ئاماده‌كرابوو، به‌پێى بڕیارى ژماره‌ (26)ى ساڵى 2014 و بڕگه‌ى (8) له‌ مادده‌ى (په‌نجا و شه‌شه‌م)ى یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992 هه‌مواركراو و پاڵپشت به‌ مادده‌ى (94)ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌مواركراو. 
له‌ ده‌سپێكی گفتوگۆكانی دانیشتنه‌كه‌دا، لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ پێشنیازیكرد له‌ جیاتی ده‌سپێكردنی گفتوگۆكانی به‌شی سێیه‌م، گفتوگۆی به‌شی پێنجه‌می پڕۆژه‌كه‌ بكرێت و ئه‌و پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
 دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌ لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ كرد، مادده‌ و بڕگه‌كانی به‌شی پێنجه‌می پڕۆژه‌كه‌ بخوێننه‌وه‌، تاوه‌كو په‌رله‌مانتاران تێبینی و بۆچوونه‌كانیان له‌باره‌وه‌ بخه‌نه‌ روو، ئه‌و به‌شه‌ی پرۆژه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، له‌ نۆزده‌ مادده‌ پێكهاتووه‌ و له‌ مادده‌ی بیست و هه‌شته‌مه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و به‌ ماده‌ی چل و حه‌وته‌م كۆتایی دێت، ناوه‌رۆكی مادده‌كانی به‌شه‌كه‌ش تایبه‌ته‌ به‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌یی و تایبه‌تییه‌كان و چۆنیه‌تیی كاری ئه‌و لیژنانه‌ و ده‌نگدان و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامییه‌تی لیژنه‌كان.
دوای خوێندنه‌وه‌ی مادده‌كانی به‌شه‌كه‌، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ ‌و په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێ ‌و دوای ته‌واو بوونی گفتوگۆكانیش بڕیاره‌ له‌ دانیشتنه‌كانی داهاتوو ده‌نگدانی كۆتایی له‌سه‌ر مادده‌ به‌ مادده‌ی به‌شه‌كه‌ و رای په‌رله‌مانتاران بكرێت.
تا ئاماده‌كردنی ئه‌و هه‌واڵه‌ دانیشتنه‌كه‌ درێژه‌ی هه‌بوو.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان