وه‌زیرى دارایى له‌ په‌رله‌مان رۆژى دابه‌شكردنى مووچه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى راگه‌یاند

07/10/2015 05:54:00 م
له‌گه‌ڵ قووڵتربوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كانى هه‌رێم و دواكه‌وتنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و داواكردنى روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر داهاته‌كانى وه‌زاره‌تى دارایی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2015/10/7، به‌ ئاماده‌بوونى د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و فه‌خره‌دین قادر سكرتێرى په‌رله‌مان هه‌ردوو لیژنه‌ى دارایى و كاروباری ئابوورى و وه‌به‌رهێنان  و پیشه‌سازى و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، له‌گه‌ڵ رێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و كاروباری ئابووریى حكومه‌تى هه‌رێم و د.ئامانج ره‌حیم سكرتێرى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌. 
له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا وه‌زیرى دارایى و  كاروباری ئابوورى خشته‌ى مانگانه‌ى سه‌رجه‌م داهاته‌كانى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابووریى خسته‌ڕوو،  هه‌روه‌ها چۆنیه‌تیى خه‌رجكردنى ئه‌و داهاتانه‌ بۆ مووچه‌ و به‌ره‌كانى شه‌ڕ وخزمه‌تگوزارییه‌كان، له‌گه‌ڵ پێدانى كۆپیى خشته‌ى داهات و خه‌رجیى خسته‌ به‌رده‌م ئه‌ندامانى په‌رله‌مان.
هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا وه‌زیرى دارایى روونیكرده‌وه‌ كه‌ دۆخى داراییى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان پێویستیى به‌ تێگه‌یشتنى هاوبه‌ش هه‌یه‌ و به‌ ئیراده‌یه‌كى به‌هێزى هه‌موو لایه‌ك ده‌توانن رووبه‌رووى ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ ببنه‌وه‌.
له‌ ته‌وه‌رێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رێباز حه‌ملان  باسى له‌وه‌كرد كه‌ داهاته‌كانى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى ته‌نها به‌شى پڕكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كانى شه‌ڕ و ئاواره‌كان و خزمه‌ گوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌كات و  بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ پشت به‌ داهاتى نه‌وت ده‌به‌ستن. بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و داهاتانه‌ى نه‌وتى بۆ ئاماده‌بووان خسته‌روو كه‌ هاتۆته‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌.
لاى خۆشیه‌وه‌ د.جه‌عفه‌ر ئێمینكى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان كۆبوونه‌وه‌كه‌ى به‌ گرنگ وه‌سفكرد، پاشان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ پرسیار ئاراسته‌ى وه‌زیرى دارایى و ئابوورى كرا و ئه‌ویش به‌ ئامار و داتا وه‌ڵامى ئاماه‌بووانى دایه‌وه‌ داوایكرد  به‌ هه‌موو لایه‌ك كێشه‌كانى خه‌ڵك و مووچه‌خۆران له‌به‌رچاو بگرن و هه‌وڵى چاره‌سه‌رى جدى بۆ بدرێت.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى رایگه‌یاند كه‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو مووچه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ دابه‌شده‌كرێت.

رۆژمێرى رووداوه‌كان