په‌رله‌مان و نوێنه‌ری حكومه‌تى هه‌رێم له‌ نه‌مسا له‌سه‌ر ئه‌و هاوڵاتییه‌ كوردانه‌ى كه‌ له‌ سنوورى ئه‌و وڵاته‌ خنكان كۆده‌بنه‌وه‌

20/10/2015 10:58:00 ص
به‌ مه‌به‌ستى ئاگاداربوونى زیاتر له‌ هۆكارى خنكانى ئه‌و 29 گه‌نجه‌ كورده‌ى  كه‌ له‌ وڵاتى نه‌مسا له‌ناو بارهه‌ڵگرێكدا خنكان ‌و گیانیان له‌ ده‌ستدا كه‌ له‌ كوردستانه‌وه‌ كۆچیان كردبوو بۆ گه‌یشتن به‌ هه‌رنده‌ران، هه‌روه‌ها گرتنه‌به‌رى رێكارى یاسایی بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى كه‌سوكاره‌كانیان، ئه‌مڕۆ 2015/10/20، هه‌ردوو لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان ‌و كاروباری ره‌وه‌ندی كوردستانی ‌و لیژنه‌ی وه‌رزش ‌و لاوان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیى زانا عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و كاروبارى ره‌وه‌ندى كوردستانى ‌و ڤه‌مان فه‌یسه‌ڵ سه‌رۆكى لیژنه‌ى وه‌رزش و لاوان، به‌ ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى هه‌ردوو لیژنه‌كه‌، له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ  مسته‌فا گۆران نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ وڵاتى نه‌مسا كۆبوونه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ هۆكاری خنكانی ئه‌و 29 گه‌نجه‌ كورده‌ كرا كه‌ له‌ كاتی چوونیان بۆ هه‌نده‌ران له‌ناو بارهه‌ڵگرێكدا به‌هۆى خنكانه‌وه‌ گیانیان له‌ ده‌ستدا ‌و هه‌روه‌ها ئه‌و رێكاره‌ یاساییانه‌ی كه‌ گیراونه‌ته‌به‌ر بۆ به‌ سزا گه‌یاندنی تاوانبارانی كه‌ بوونه‌هۆی روودانی ئه‌و كاره‌ساته‌ ‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كانیان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
له‌و باره‌یه‌وه‌ ڤه‌مان  فه‌یسه‌ڵ سه‌رۆكى لیژنه‌ى وه‌رزش و لاوان، به‌ سایتی په‌رله‌مانى راگه‌یاند: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆمان له‌سه‌ر  هۆكاره‌كانى دروستبوونى تاوانى خنكانى 71 كه‌س له‌ناو بارهه‌ڵگرێكدا له‌ سنوورى وڵاتى نه‌مسا كه‌ ژماره‌یه‌كیان كوردى باشوور بوون و ورده‌كاریى چۆنیه‌تیی دروستبوونی رووداوه‌كه‌ و  ئه‌و رێكاره‌ یاساییانه‌ى كه‌ پۆلیسى ئه‌و وڵاته‌ گرتویه‌تییه‌به‌ر چین كرد و چۆن كه‌سوكارى ئه‌و هاووڵاتییانه‌ داواى ماف و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان بكه‌ن له‌و وڵاته‌ ‌و وه‌كو په‌رله‌مان و حكومه‌ت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ چى بكه‌ین".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌دا: "له‌و 71 كه‌سه‌ی كه‌ له‌ بارهه‌ڵگره‌كه‌دا خنكان،   29 یان خه‌ڵكى باشوورى كوردستانبوون ‌و تا ئێستا  25 كه‌سیان  ناسراونه‌ته‌وه‌ و  ته‌رمه‌كانیان ره‌وانه‌ى كوردستان كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و 4 كه‌سه‌ى تر كه‌ ماون تا ئێستا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌ و  نه‌ناسراون كه‌ كێن".
وتیشى: "په‌رله‌مانى كوردستان و حكومه‌ت له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامدان بۆ دۆزینه‌وه‌ى چوار كه‌سه‌كه‌ى تر بۆئه‌وه‌ى ته‌رمه‌كانیان راده‌ستى كه‌سوكاره‌كانیان بكرێنه‌وه‌، هه‌وره‌ها هه‌وڵى جدى ده‌ده‌ین بۆئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ قه‌ره‌بووى سه‌رجه‌م كه‌سوكارى خنكاوه‌كان بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌و رێكاره‌ یاساییانه‌ ده‌گرینه‌به‌ر كه‌ پێویستن بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان".

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>