پرسى تۆمه‌تبار و تاوانباره‌كانى دۆسییه‌ى ئه‌نفال له‌په‌رله‌مان تاووتوێ كران

16/11/2015 11:33:00 ص
له‌ژێر ناوونیشانى (نابێت ئاشته‌وایی نیشتیمانى بكرێته‌ پاساوى ده‌ربازبوونى تۆمه‌تبار و تاوانباران))، سه‌عات 10ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/11/16، له‌ هۆڵى په‌ناگیرى له‌ ته‌لاری په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌زگاى لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ جینۆساید و ئه‌نفال پانێڵێكى رێكخست.
پانێڵه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی لیژنه‌كانى (مافه‌كانى مرۆڤ، كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى، كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسى) له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ‌و نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى شه‌هیدانى حكومه‌تى هه‌رێم و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى خولى ئێستا و پێشوو، له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و پارێزه‌ران به‌ڕێوه‌چوو ‌و تیایدا به‌شداربووان گفتۆگۆیان له‌باره‌ى رێكخستنى هه‌وڵى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد بۆئه‌وه‌ى تۆمه‌تباران و تاوانباران له‌ رێگه‌ى یاسا و دادگاوه‌ سزابدرێن.
لاى خۆشیه‌وه‌ ئارى محه‌مه‌د هه‌رسین سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند: "گه‌وره‌ترین تاوانه‌، تاوانبارێكى گه‌وره‌ كه‌ به‌شداربووه‌ له‌ پرۆسه‌ى ئه‌نفال به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لى كورد ئازاد بكرێت".
 
 
هه‌ر له‌م پانیڵه‌دا سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌وه‌شى راگه‌یاند: "پێویستبوو حكومه‌تى هه‌رێم راوێژى به‌ لیژنه‌كه‌یان بكردایه‌ سه‌باره‌ت به‌ گه‌یاندنى سكاڵا به‌ دادگاى نێوده‌وڵه‌تیى لاهاى له‌باره‌ى جینۆسایدى ئێزدییه‌كان، چونكه‌ لیژنه‌كه‌ى ئه‌وان تایبه‌تمه‌نده‌ به‌مجۆره‌ دۆسییانه‌".
پاشان سۆران عومه‌ر سه‌رۆكى لیژنه‌ى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، رایگه‌یاند: "ناكرێت تاوانبارانى ئه‌م تاوانه‌ به‌ به‌رچاوى گه‌لى كورد هاتووچۆ بكه‌ن و دادگایی نه‌كرێن و به‌ سزاى خۆیان نه‌گه‌ن".
لاى خۆشیه‌وه‌ سالار مه‌حمود سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، رایگه‌یاند: "سوڵتان هاشم یه‌كێكه‌ له‌و (56) داواكراوه‌ سه‌ره‌كییه‌ى به‌رده‌م دادگا و دانى به‌ تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌، بۆیه‌ هه‌ر هه‌وڵێك بۆ ئازادكردنى ئه‌م تاوانباره‌ به‌ به‌شێك له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌عسییه‌كان ده‌زانین بۆ ناو پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عیراقدا".
سه‌باره‌ت به‌ پێشنیاز و راسپارده‌كانى پانێڵه‌كه‌، ته‌ها سلێمان سه‌رۆكى ده‌زگاى لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ جینۆساید و ئه‌نفال به‌ ماڵپه‌رى فه‌رمیى په‌رله‌مانى كوردستانى راگه‌یاند: "راو بۆچوون و پێشنیازى هه‌رسێ لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان و وه‌زاره‌تى شه‌هیدانى حكومه‌تى هه‌رێم و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌ خولى ئێستا و پێشووتر، له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و یاساناسان له‌ كۆنووسێكدا ئاراسته‌ى حكومه‌تى عیراق و هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێم ده‌كرێت".

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>