شاندێكی په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانى كۆنسوڵى گشتیى ئیمارات ده‌كات

21/12/2015 02:23:00 م
 
به‌ مه‌به‌ستى پیرۆزباییكردن به‌ بۆنه‌ی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئیمارات له‌لایه‌ن خانمێكه‌وه‌ ‌و دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان لیژنه‌كانی په‌رله‌مان ‌و كونسوڵخانه‌ی ئیمارات له‌ هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ 2015/12/21 شاندێكی په‌رله‌مانى كوردستان كه‌پێكهاتبوو له‌ كه‌ژاڵ هادی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی ئافره‌ت و ڤیان عه‌باس جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان ‌و كاروباری ره‌وه‌ندی كوردستانی ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌، سه‌ردانى كۆنسوڵخانه‌ى وڵاتى ئیمارات-یان له‌ شارى هه‌ولێر كرد و له‌لایه‌ن شێخ راشد مه‌نسورى پێشوازییان لێكرا. 
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌ره‌تا شانده‌كه‌ی په‌رله‌مان پیرۆزبایی خۆیان له‌ رێگه‌ی  كونسوڵی ئیمارات له‌ هه‌ولێر ئاراسته‌ی خاتوو ئه‌مه‌ل قوبه‌یسى كرد به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى ئه‌و وڵاته‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مین جاره‌ له‌ مێژووى عه‌ره‌بیدا له‌سه‌ر  ئاستى وڵاتانى عه‌ره‌ب خانمێك ئه‌و پۆسته‌  وه‌ربگرێت و ده‌ستبه‌كار بێت.
 
 
له‌ به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان په‌رله‌مانى كوردستان و په‌رله‌مانى ئیمارات كرا و له‌ بواری هاوكارى كردن ‌و كارى هاوبه‌ش به‌ تایبه‌تى له‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ى كه‌ تایبه‌تن به‌ بواره‌كانى خێزان و ئافره‌تان له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، چونكه‌ كۆمه‌ڵگاى كوردستان و كۆمه‌ڵگاى ئومه‌ى عه‌ره‌بى له‌ زۆر بواردا له‌ یه‌كه‌وه‌ نزیكن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ شێخ راشد مه‌نسوڕى خۆشحاڵیى خۆى به‌و سه‌ردانه‌ى وه‌فدى په‌رله‌مان ده‌ربڕى و ئاماده‌یى حۆی بۆ هه‌موو جۆره‌ هاوكاری ‌و كارئاسانییه‌ك ده‌ربرٍی بۆ دروستكردن و به‌هێزكردنى هه‌موو جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌كى په‌رله‌مانیى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى كوردستاندا.
له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ داهاتوودا په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانى په‌رله‌مانى ئیمارات بكات.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>