روونکردنەوەیەک لە پەرلەمانى کوردستانەوە

06/01/2016 06:53:00 م

لەرۆژانی ٢و٣و٤ی کانونی دوەمی ئەمساڵ بەرێز ریچارد چارنێسکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و سەردانی دامودەزگا فەرمیەکانی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئاوارەکان و پیاوانی ئاینی کرد و لەپەرلەمانی کوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنە ئامادەبوەکانی ئەو دانیشتنە کۆبۆوەو لەنزیکەوە لەبارەی پێداویستی و ویست و ئارەزوەکانی گەلی کوردستان بیروڕا لەگەڵ بەڕێزیان ئاڵوگۆڕکرا ئەو سەردانەش پێشتر لەرێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەیەکێتی ئەوروپا کاری بۆکرابوو جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە بەفەرمی بەرێزیان بانگێشتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هەر کاتێک کە خۆی بە گونجاوی بزانێ.

کەچی زۆر بەداخەوە پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان علی حمە صاڵح جا بەهەر هۆیەک بێ لەسەر ماڵپەڕی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فێیس بوک لەژێر ناونیشانی فەزاحەتێکی دیکە تۆمەتی بێ بنەماو تەشهیری بە کەسایەتیەکی بەڕێز و میوانێکی فەرمی هەرێمی کوردستان کردوە کە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپایەو تۆمەتباری دەکات بەوەی بەرامبەر ئەو سەردانە چەندان ملیۆن دۆلاری وەرگرتوە و چەند بوختانێکی تریشی بۆ هەڵواسیوە کە رەنگە تەنها لەهەگبەی خۆیدا بونیان هەبێ هەر لەنوسینەکەی باس لەپەرلەمانێکی داگیرکراو دەکات لەکاتێکدا خۆیشی بەردەوام دەوامی ئاسایی خۆی کردوەو موچەو موستەحەقاتی خۆی هاوشێوەی هەموان وەرگرتوەو کەس لەگوڵ کاڵتری بێ نەگوتوە.

ئێمە لەسۆنگەی بەرپرسێتی و بنەماکانی میوانداری کردنی میوانە دیبلۆماتکار و پلە باڵآکان و پشت بەستن بەهەموو پرنسیپە کارپێکراوەکانی دنیا لە بانگهێشت و میوانداریکردنی میوانە فەرمیەکانی ووڵاتانی دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان و پاراستنی کەسایەتیان ئیدانەی ئەم لێدوان و نوسینەی علی حەمە صاڵح دەکەین و بەدرۆی دەخەینەوە هاوکات داوا لەپەرلەمانتاری گۆڕان علی حمە صاڵح دەکەین با روونتر و شەفافتر و راشکاوەتر دەنگدەری خۆی و گەلی کوردستان بدوێنێ و بەڵگەکانی بخاتە روو بۆ سەلماندنی راستی قسەکانی دەنا ئێمە مافی خۆمانە لەرێی داواکاریی گشتی بەفەرمی سکاڵای یاسایی لەسەر علی حمە صاڵح تۆمار بکەین بۆئەوەی لەڕێی دادگا راستی ئەم بابەتە بۆ خەڵکی کوردستان روون بێتەوە. 

 

 

                                                                        پەرلەمانى کوردستان

                                                                             ٦/١/٢٠١٦


رۆژمێرى رووداوه‌كان