به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌
تۆماركردنی كۆمپانیا خۆماڵییه‌كان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی 2013 به‌ رێژه‌ی 39% كه‌می كردووه‌

20/01/2016 12:13:00 م
به‌ مه‌به‌ستى ئاگاداربوون له‌ ره‌وشی ئابوورى ‌و جموجۆڵی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌مڕۆ 2016/1/20، شاندێكی لیژنه‌ى بازرگانى و پاراستنی مافى به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ پێكهاتبوو له‌ ماجد عوسمان سه‌رۆكى لیژنه‌ ‌و محه‌مه‌د ئێلخانی ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌، سه‌ردانی هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی هه‌رێمی كوردستان ‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی شارى هه‌ولێًر-یان كرد ‌و له‌لایه‌ن دلزار ئیسماعیل ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی هه‌رێمی كوردستان ‌و له‌تیف عارف به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی شارى هه‌ولێًر پێشوازییان لێكرا. 
له‌ دوو دیداری جیادا باس له‌ ره‌وشی ئابوورى ‌و جموجۆڵی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا، به‌ تایبه‌تی ئه‌و كێشه‌ ‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووى كۆمپانیاكانی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته‌وه‌ به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان ‌و داخستنی سنووره‌كان به‌هۆی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی وڵاتی توركیا ‌و ئاڵۆزیی كه‌شوهه‌وا ‌و به‌فر و باران ‌و زیانپێكه‌وتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ بازرگانان، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك داتا ‌و زانیاری كران له‌ پێناو به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی جموجۆڵی بازرگانی ‌و كارى كۆمپانیاكان له‌ هه‌رێمی كوردستان.
 
  
شایانی باسه‌ 3100 كۆمپانیای بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆماركراون، هه‌روه‌ها 21000 كۆمپانیای ناوخۆیی هه‌ن، ته‌نیا له‌ شاری هه‌ولێر 2347 كۆمپانیای بیانی ‌و 13522 كۆمپانیای ناوخۆیی تۆماركراون ‌و به‌هۆی قه‌یرانی ئابووریشه‌وه‌ تۆماركردنی كۆمپانیا خۆماڵی ‌و بیانییه‌كان له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌میان كردووه‌، بۆ نموونه‌ تۆماركردنی كۆمپانیا خۆماڵییه‌كان له‌ ساڵی 2014 به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی 2013 ، به‌ رێژه‌ی 23% كه‌می كردووه‌، تۆماركردنی كۆمپانیا بیانییه‌كانیش به‌ رێژه‌ی 39% كه‌می كردووه‌.
هه‌روه‌ها تۆماركردنی كۆمپانیا خۆماڵییه‌كان له‌ ساڵی 2015 به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی 2013 به‌ رێژه‌ی 52% كه‌می كردووه‌، تۆماركردنی كۆمپانیا بیانییه‌كانیش به‌ رێژه‌ی 76% كه‌می كردووه‌، تا ئێستاش 300 كۆمپانیا به‌ فه‌رمی كاره‌كانیان راگرتووه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان