جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ نوێنه‌رى په‌رله‌مانی ژاپۆن ده‌كات

25/01/2016 11:53:00 ص
ئه‌مڕۆ 2016/1/25، د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى جێگرى سه‌ورۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ئه‌كینۆبۆ كینۆشیتا نوێنه‌ری په‌رله‌مانی ژاپۆن ‌و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تیی ژاپۆن ‌و كوردستان ‌و نشیتا هیرۆئاكی به‌ڕێوه‌به‌ری ئیكۆپلانێت له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیویۆرك كرد، كه‌ به‌ یاوه‌ریی سیروان سیرینی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كردبوو.
 
 
له‌ دیدارێكدا باس له‌ په‌یوه‌ندی ‌و دۆستایه‌تیی نێوان هه‌رێمی كوردستان ‌و وڵاتی ژاپۆن كرا ‌و جه‌خت له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی پته‌وكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرایه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان ‌و كاری په‌رله‌مانیی نێوان هه‌ردوولادا.
له‌ دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ستخۆشیی له‌ هه‌وڵه‌كانی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تیی ژاپۆنی كوردستانیی كرد، كه‌ 12 په‌رله‌مانتاری ژاپۆن تیایدا ئه‌ندامن، هه‌روه‌ها سوپاسی وڵاتی ژاپۆنی كرد بۆ گرنگیدان به‌ هه‌رێمی كوردستان ‌و داوایكرد ئه‌و وڵاته‌ له‌ رێگای نوێنه‌ره‌كانییه‌وه‌، هه‌وڵه‌كانی چڕ بكه‌نه‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی له‌ رووى هاوكاریكردنی په‌نابه‌راندا.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ نوێنه‌ری په‌رله‌مانی ژاپۆن، دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی گرنگییه‌كی تایبه‌ت به‌ ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات ‌و هیوای سه‌ركه‌وتنیشی بۆ هه‌رێمی كوردستان خواست له‌ جه‌نگی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش ‌و ئاماده‌یی خۆشی بۆ هه‌موو جۆره‌ هه‌وڵێك ‌و هاوكارییه‌ك بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا نیشاندا. 
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا هه‌ردوولا دیارییان ئالوگۆڕ كرد.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ