هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی به‌رده‌وامن

03/02/2016 09:05:00 ص
به‌ مه‌به‌ستى ئاگاداربوون له‌ هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی ‌و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ ده‌ربازبوون لێی، ڕۆژی 2016/2/2، شاندێكی رێكخراوی ۆرلد ڤیژن ئینته‌رناشیوناڵ-ی ئه‌مریكایی كه‌ پێكهاتبوو له‌ مارك سمیس ‌و وین فلاتن ‌و شیوارد فیلیپس، سه‌ردانی لیژنه‌ى بازرگانى و پاراستنی مافى به‌كاربه‌ر-یان كرد له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ‌و له‌لایه‌ن ماجد بازرگان سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ ‌و محه‌مه‌د ئێلخانی ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا.
له‌ دیدارێكدا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ كه‌مال یه‌ڵدا جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسه‌وار ‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی  ‌و گه‌شتوگوزار ‌و د.سروود سه‌لیم ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی ‌و ژینگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یبوون، باس له‌ هۆكاره‌كانی دروستبوون ‌و سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان ‌و هه‌نگاوه‌كانی په‌رله‌مان ‌و حكومه‌تی هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ركردنی كرا ‌و له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان باسیان له‌ پڕۆژه‌كانی په‌رله‌مان ‌و حكومه‌تی هه‌رێم كرد كه‌ وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ چاكسازی ده‌ستیان پێكردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووی حكومه‌تی هه‌رێم بوونه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی قه‌یرانی دارایی.
له‌ به‌رامبه‌ردا شاندی میوان ئاماده‌یی خۆیان بۆ په‌رله‌مان ده‌ربڕی، به‌ مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان تا بتوانێت به‌سه‌ر ئه‌و قه‌یرانانه‌دا زاڵ بێت، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی داڕشتنی پلانی گونجاو بۆ وه‌زاره‌ته‌كان له‌ سێكته‌ره‌ جیاجیاكاندا، هه‌روه‌ك ئاماده‌یی خۆشیان ده‌ربڕی كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه‌كانی په‌رله‌مان ‌و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ رێگه‌ی داڕشتنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی كشتوكاڵی ‌و پیشه‌سازی ‌و هه‌ره‌وه‌زی بتوانن هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتییان دابین بكه‌ن ‌و داهاتێكی باشیش بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن كه‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا هه‌ماهه‌نگییان هه‌بێت بۆ داڕشتنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك ‌و ئاماده‌كردنی زه‌ویی گونجاو بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌ شار ‌و شارۆچكه‌كانی كوردستاندا. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان