په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی دانیشتووی شاری هه‌ولێر ده‌كات

09/02/2016 07:44:00 ص
به‌ مه‌به‌ستى له‌ نزیكه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ سكاڵای ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتییانی شاری هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ سه‌رپێچییه‌كانی كۆمپانیای (الشرق الآوسط)، ، ڕۆژی 2016/2/8، شاندێكی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌  ماجد بازرگان ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسه‌وار ‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی ‌و گه‌شتوگوزار ‌و محه‌مه‌د ئێلخانی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆ ‌و ئاسایش ‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانیی "یه‌ك"یان له‌ سنوورى شارى هه‌ولێر كرد.
مه‌به‌ست له‌و سه‌ردانه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون ‌و به‌دواداچوون بوو بۆ سه‌رپێچییه‌كانی كۆمپانیای (الشرق الآوسط)، ، دوای ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتییانی دانیشتووى شاری هه‌ولێر سكاڵایان پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مان كردبوو سه‌باره‌ت به‌ سه‌رپێچیكردنی كۆمپانیای ناوبراو ‌و زێده‌ڕۆییكردنی له‌سه‌ر گۆڕستانی "چراغ" له‌ شاری هه‌ولێر ‌و شێواندنی گۆڕستانه‌كه‌ ‌و دانانی ژماره‌یه‌ك موه‌لیده‌ ‌و ئامێری كاره‌بایی ‌و دروستكردنی شورا ‌و گواستنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ گۆڕه‌كانی كه‌سوكاری ئه‌و هاووڵاتییانه‌ به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌یان.
شانده‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ یاوه‌ریی  به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانیی "یه‌ك" ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی خزمه‌تگوزاریی شاره‌وانی ‌و نوێنه‌ری كۆمپانیای ناوبراو سه‌ردانی شوێنی سه‌رپێچییه‌كه‌یان له‌ گۆڕستانه‌كه‌ كرد ‌و تێبینیی چه‌ندین سه‌رپێچی ‌و گۆڕانكاریی جیاجیایان كرد ‌و جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ كرده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی شاره‌وانی له‌ پێشوودا رێگرییان له‌ به‌شێكی ئه‌و سه‌رپێچییانه‌ش كردبوو.
دوای به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ بڕیاردرا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان په‌رله‌مانتاره‌كان ‌و به‌رپرسانی شاره‌وانی ‌و كۆمپانیای ناوبراو ئه‌نجام بدرێت بۆ لابردنی هه‌موو سه‌رپێچییه‌كان ‌و قه‌ربووكردنه‌وه‌ی خانه‌واده‌ی نێژراوانی گۆڕستانه‌كه‌ ‌و له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ شانده‌كه‌ی په‌رله‌مان هۆشدارییان به‌ كۆمپانیاكه‌دا به‌وه‌ی كه‌ له‌مه‌ودوا  هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك له‌ گۆڕستانه‌كه‌دا بكرێت سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر كۆمپانیاكه‌ تۆمار ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها داوایان له‌ نوێنه‌رانی شاره‌وانی كرد كه‌ رێكاری یاسایی له‌ دژی كۆمپانیاكه‌ بگرنه‌ به‌ر له‌ كاتی ته‌واونه‌كردنی رێگه‌پێدانی پڕۆژه‌كه‌یان بۆئه‌وه‌ی سه‌رپێچی له‌سه‌ر سنوورى دیاریكراوی پڕۆژه‌كه‌یان نه‌كه‌ن. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ