لیژنه‌ی بازرگانی به‌دواداچوون بۆ پرسی دابه‌زاندنی نرخی شتومه‌ك ‌و كرێی خانوو ‌و باڵه‌خانه‌ ‌و نۆڕینگه‌ ‌و خوێندن ده‌كات

16/02/2016 06:52:00 ص
به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێكی گونجاو سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تیی هه‌ماهه‌نگیكردنی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ بواری بازرگانی له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، ڕۆژی 2016/2/15، لیژنه‌ى بازرگانى و پاراستنی مافى به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی ماجد عوسمان سه‌رۆكى لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونی د.عه‌بدوڵا جاسم ‌و محه‌مه‌د سه‌عده‌دین ‌و هێڤا حاجی میرخان ‌و  ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ ‌و راوێژكاری لیژنه‌كه‌، كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێكی گونجا‌و بۆ چۆنیه‌تیی هه‌ماهه‌نگیكردنی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ بواری بازرگانی، له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان ‌و قه‌یرانی ئابووری ‌و چاودێریكردنی هه‌نگاوه‌كانی حكومكه‌ت بۆ دابه‌زاندنی نرخی شتومه‌ك ‌و خۆراك ‌و پێداویستییه‌كانی ژیان ‌و دانانی رێنمایی گونجاو بۆ دابه‌زاندنی كرێی خانوو ‌و باڵه‌خانه‌كان ‌و نرخی نۆڕینگه‌ پزیشكییه‌كان ‌و كرێی خوێندن له‌ قوتابخانه‌ ‌و په‌یمانگه‌ ‌و كۆلێژه‌ ئه‌هلییه‌كان كرا. 
دوای گفتوگۆكردنی ئه‌و پرسانه‌، لیژنه‌ بڕیاریدا سه‌ردانی سه‌رجه‌م شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات ‌و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری كار ‌و چالاكییه‌كانی پارێزگاكان بێت له‌ په‌یڕه‌وكردنی رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌و بواره‌.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌ڵامی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ‌و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان سه‌باره‌ت به‌ راپۆرتی لیژنه‌كه‌ له‌سه‌ر بانگهێشتكردنی لیژنه‌ی باڵای به‌دواداچوونی پارێزگاكان خوێندرایه‌وه‌ كه‌ به‌ نووسراوی ژماره‌ 11 له‌ 2015/5/6 ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرابوو. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان