لیژنه‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌ولێر و كوردستانى _ بولگارى كۆبۆوه‌

05/04/2016 07:08:00 ص
 به‌ مه‌به‌ستى تاووتوێكردنى چه‌ند پرسێكی گرنگ و به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كانیان، ئه‌مڕۆ2016/4/4 ، لیژنه‌ى بازرگانى و پاراستنى مافى به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیى ماجد عوسمان بازرگان سه‌رۆكى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونى  ژماره‌یه‌ك  له‌ ئه‌ندامان ‌و راوێژكارانى لیژنه‌ و كه‌مال یه‌ڵدا و لینا عزریا ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌ فراكسیۆنى كلد و ئاشورى پێشوازییان كرد له‌ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌ركه‌وت جه‌مال ئه‌ندامى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیی هه‌ولێر و ماجد حه‌مید سه‌رۆكى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیى كوردستانى _ بولگارى و دلێر سه‌یفه‌دین ئه‌ندامى ژووره‌كه‌. 
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دانانى میكانیزمێك بۆ نرخ و كه‌مكردنه‌وه‌ى كرێى خانوو  و خزمه‌تگوزارییه‌كانى ته‌ندروستى و چۆنیه‌تیى كۆنتڕۆڵكردنى بازاڕ و پابه‌ندكردنى بازرگانه‌كان به‌ داشكاندنى نرخ و دانانى نرخى كاڵا و شتومه‌ك و هه‌ڵواسین له‌ بازاڕگاكاندا گفتوگۆیان له‌ باره‌وه‌ كرا هه‌روه‌ها باس له‌ ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كانى لیژنه‌ى بازرگانیى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ  پارێزگار و ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان له‌ شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمی كوردستان كرا سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنى لیژنه‌ى به‌دواداچوون و دانانى نرخ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ گونجاو بێت له‌گه‌ڵ یاساكانى تایبه‌ت به‌ بوارى بازرگانى و به‌كرێدانى خانووبه‌ره‌.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هاورده‌كردنى جۆرێك له‌ پێڵاو له‌لایه‌ن چه‌ند بازرگانێك كه‌ هێماى خاچى مه‌سیحیى له‌سه‌ره‌ و بۆته‌ جێگه‌ى ناڕه‌زایی كلد و ئاشوورییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، بڕیاردرا به‌وردى به‌دواداچوون له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى گه‌یشتنى ئه‌و كاڵایه‌ بۆ بازاڕه‌كانى كوردستان بكرێت له‌رێگه‌ى لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌.
له‌ ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى له‌ هه‌رێمى كوردستان و ژووره‌كانى بازرگانى وڵاتانى جیهان، به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى كوردستان _ بولگاریا گفوتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
له‌ كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌شدا بڕیارى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ژماره‌ ( 68 ) كه‌ له‌  2016/2/3 سه‌باره‌ت به‌ داواكاریى لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان بۆ به‌دواداچوون و كه‌مكردنه‌وه‌ى نرخى خزمه‌تگوزارییه‌كانى وه‌ك په‌یوه‌ندیى ته‌له‌فۆنى و ئینته‌رنێت و به‌دواداچوونى چۆنیه‌تیى جێبه‌جێكردنى ئه‌و بڕیاره‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌ قسه‌ ‌و باسیان لێوه‌ كرا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان