لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا خه‌رجكردنی ده‌رماڵه‌ی قوتابیان و نرخی كرێی خوێندن له‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كان تاووتوێ ده‌كات

26/04/2016 12:43:00 م
به‌ مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی پرسی خه‌رجكردنی ده‌رماڵه‌ی قوتابیان ‌و نرخی كرێی خوێندن له‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كان، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ2016/4/26  لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی د.ئیبراهیم سمۆ سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی و ڕاویژكارانی لیژنه‌كه‌، له‌  هۆلی لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان  كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی خه‌رجكردنی ده‌رماڵه‌ی قوتابیان ‌و نرخی خوێندن له‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كان تاووتوێ كران ‌و چه‌ندین سه‌رنج ‌و تێبینی ‌و پێشنیاز بۆ چۆنیه‌تیی دۆزینه‌وه‌ی مێكانیزمێكی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی قوتابیان ‌و خوێندكاران خرانه‌ روو.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا نووسراوێك ئاراسته‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا بكرێت له‌سه‌ر نرخی كرێی خوێندن له‌ زانكۆ و په‌یمانگا و قوتابخانه‌ تایبه‌تییه‌كان كه‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا داشكانیان ئه‌نجام دابوو بۆماوه‌ی یه‌ك ساڵ، لیژنه‌ داوایكرد ئه‌م داشكاندنه‌ هه‌ر ته‌نیا بۆ یه‌ك ساڵ نه‌بێت، به‌لكۆ تا قه‌یرانی دارایی له‌ هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌بێت و مووچه‌ وه‌ك پێشووی لیدێته‌وه‌ ئه‌و داشكاندنه‌ كاری پێ بكرێت.
هه‌روه‌ها بڕیاردرا نووسراوێك ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی بكرێت به‌ مه‌به‌ستی خه‌رجكردنی ده‌رماڵه‌ی قوتابیان كه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی خوێندن بۆیان خه‌رج نه‌كراوه‌ و كاریگه‌ری ئه‌رێنیی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر دۆخی قوتابیان، هه‌روه‌ك داوایانكرد ئاسانكاری بكرێت بۆ هاوتاكردنی بڕوانامه‌ی ئه‌م قوتابییانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات خوێندنیان ته‌واو كردووه‌.  
له‌ ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نرخی كرێی خوێندنی باڵا، وه‌ك دكتۆرا و ماسته‌ر كه‌ بڕیاره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه‌ تاووتوێ كرا ‌و پرسی قوتابخانه‌ توركمانییه‌كانی كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ 2 به‌رێوه‌به‌رییان هه‌یه‌ ‌و بۆ ماوه‌ی (6) ساڵه‌ شوینه‌كانیان چۆڵه‌ و تاكو ئیستا كه‌س له‌ شوێنی دانه‌نراوه‌ هه‌ر چه‌نده‌ كه‌ كاندیدیشیان هه‌بووه‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ