لیژنه‌ى وه‌رزش و لاوان له‌گه‌ڵ پسپۆڕانى بوارى وه‌رزش كۆبۆوه‌

03/05/2016 04:50:00 م
به‌ مه‌به‌ستى به‌ره‌وپێشبردن و رێكخستنه‌وه‌ى وه‌رزش له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، ئه‌مڕۆ 3/ 5/ 2016 لیژنه‌ى وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیى ڤه‌مان فه‌یسه‌ڵ سه‌رۆكى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ پسپۆڕانى بوارى وه‌رزش له‌ شارى هه‌ولێر كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ ره‌وشی وه‌رزش له‌ هه‌رێمی كوردستان ‌و چۆنیه‌تیی به‌ره‌وپێشبردنی كرا و له‌وباره‌یه‌وه‌ "جه‌وده‌ت نه‌جار" جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به‌ سایتی په‌رله‌مان رایگه‌یاند:  "په‌رش و بڵاوییه‌ك هه‌یه‌ له‌ بوارى وه‌رزش له‌ هه‌رێمی كوردستان و بۆئه‌وه‌ى بتوانین مه‌سه‌له‌ى وه‌رزش له‌ كوردستان رێكبخه‌ینه‌وه‌ و به‌ره‌وپێشه‌وه‌ی به‌رین، لیژنه‌ وابڕیاره‌ له‌ داهاتوودا پڕۆژه‌ یاسایه‌ك ئاماده‌ بكات بۆئه‌وه‌ى وه‌رزش به‌ دامه‌زراوه‌یی بكرێت ، بۆیه‌ به‌پێویستمان زانى له‌گه‌ڵ پسۆڕانى بوارى وه‌رزش كۆببینه‌وه‌ و راو سه‌رنج و پێشنیازه‌كانیان وه‌رگرین بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌".
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "وابڕیاره‌ له‌گه‌ڵ پسپۆڕانى وه‌رزش له‌ هه‌موو پارێزگاكانى ترى هه‌رێم كۆببینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌یه‌كى تۆكمه‌ و سه‌رده‌مییانه‌ به‌ هه‌موومان ئاماده‌بكه‌ین و دوای په‌سندكردنی له‌ په‌رله‌مان بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌".

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ