لیژنه‌ی شاره‌وانی به‌دواداچوون بۆ سكاڵای ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتییانی حاجی ئاوا ده‌كات

20/05/2016 08:36:00 م
دواى ئه‌وه‌ى له‌ 2016/5/12 ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتییانى شارۆچكه‌ى حاجى ئاوا سه‌ردانى لیزنه‌ى ئاسه‌وار و خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانى و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزاریان كرد له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ مه‌به‌ستی خستنه‌ڕووى سكاڵا و    گرفته‌كانیان له‌ شاروچكه‌كه‌دا.
پیشنیوه‌روى روژى 2016/5/17 شاندێكی لیژنه‌كه‌ كه‌ پێكهاتبوو له‌ كه‌مال یه‌ڵدا جیگرى سه‌روكى لیژنه‌كه‌ و ماجد عوسمان بازرگان ئه‌ندامى لیژنه‌كه‌، سه‌ردانى ئیداره‌ى راپه‌ڕینیان كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسى ئیداره‌ى راپه‌رین و قایمقامى رانیه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندازیاران و به‌رپرسانى فه‌رمانگه‌كان كۆبوونه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆژه‌كان و گرفته‌كانى قه‌یرانى دارایى و كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر كه‌میى خزمه‌تگوزارییه‌كان و وه‌ستانى پڕۆژه‌كان خرایه ڕوو، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان سكاڵا و داواكارییه‌كانى ژماره‌یه‌ك له‌ هاوولاتییان تاووتوێ كرد، به‌یه‌كه‌وه‌ سه‌ردانى شاره‌وانیى حاجى ئاوا و به‌شى چاككردنه‌وه‌ى فه‌رمانگه‌ى كاره‌بایان كرد له‌ شارۆچكه‌كه‌دا و پێشنیازى گونجاویان خسته‌ روو بۆ چۆنیه‌تیى ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى و وه‌به‌رهێنان به‌ پێی نه‌خشه‌ى بنه‌ڕه‌تیى ناوچه‌كه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ یاسا و رێنماییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گونجاو بێت و زیاتر خزمه‌تى دانیشتوانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكات و ببێته پاڵپشتێك بو زیادكردنى داهاته‌كانى حكومه‌ت و له‌هه‌مان كاتدا دیمه‌نى جوان و شارستانییه‌ت به‌ناوچه‌كه‌ ببه‌خشیت.
لیزنه‌ى شاره‌وانى له‌سه‌ر ئه‌نجامى سه‌ردانه‌كه‌ی، راپۆرتێكى ئاراسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كرد سه‌باره‌ت به‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئیداریى ناوچه‌كه‌ و هاووڵاتییان تاووتوێكران.
 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ