لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ وخوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌ردانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و ده‌سته‌ی باڵای زانكۆكانی توركیا ده‌كات

01/06/2016 09:13:00 م
له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمیی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی توركیا و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆكانی توركیا، شاندێكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی شاند و ئه‌ندامییه‌تیی هه‌ریه‌ك له‌ ئایدن مه‌عروف و وحیده‌ یاقۆ و سهام عومه‌ر ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ و راویژكار و شاره‌زایی لیژنه‌كه‌، سه‌ردانی وڵاتی توركیای كرد.
له‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا ئه‌مڕۆ 2016/6/1 شاندى لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی توركیا و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆكانی توركیا-یان كرد و سه‌ره‌تا سه‌ردانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یان كرد ‌و له‌لایه‌ن محه‌مه‌د عه‌لی ئه‌كتا به‌رێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌ت و سه‌رجه‌م به‌رێوه‌به‌ره‌كانی وه‌زاره‌ت له‌ به‌شه‌ جیاوازه‌كان پێشوازیی لێكرا.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی توركیا خۆشحاڵی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرد له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه‌ و هیوای خواست له‌م سه‌ردانه‌دا كۆمه‌ڵێك زانیاریی به‌سوود ئالۆگۆڕ بكرێت له‌ نێوانیاندا ‌و ببێته‌ جیگای ره‌زامه‌ندیی هه‌ردوولا به‌ تایبه‌ت له‌ رووی په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌وه‌.
پاشان سه‌رۆكی شاندی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا ‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ناوی لیژنه‌كه‌وه‌ سوپاس و پێزانینی خۆیانی ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌ردهی توركیا‌ كرد بۆ میوانداریكردنیان و پێشوازیكردنیان، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌ دۆستایه‌تیی وڵاتانی هاوسێی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌وا په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه،‌ به‌ تایبه‌تی توركیا كه‌ له‌ ئێستادا چه‌ندهین قوتابی و خوێند كاری كورد له‌ وڵاتی توركیا ده‌خوێنن له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا.
هه‌روه‌ها داوای هاوكاریی له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی توركیا كرد بۆ كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ى تركه‌ له‌ ئێستادا به‌هۆی شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی ماوه‌ی ساڵێكه‌ قوتابخانه‌ دروست ناكڕێت و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئێستا باوكی زۆرێك له‌و  قوتابیانه‌ له‌ سه‌نگه‌ری دژی داعش شه‌ڕی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن و بۆیه‌ داوای لێكردن كه‌ جییان بۆ ده‌كرێت هاوكاری هه‌رێمی كوردستان بن بۆ به‌هێزكردنی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و فێركردن بۆئه‌وه‌ی داهاتوویه‌كی باش بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو مسۆگه‌ر بكه‌ن و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ سه‌رباری ئه‌م بارودۆخه‌ش‌ پرۆسه‌ی خوێندن له‌ قوتابخانه‌ حكومی و ئه‌هلییه‌كان هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و له‌  ئیستاشدا لیژنه‌كه‌یان خه‌ریكی ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ یاسایه‌كن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ رێكخستنه‌وه‌ی زیاتری سیسته‌می په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.
دواتریاسین مورال به‌رێوه‌به‌ری دیراساتی ئه‌وه‌لی له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی توركیا ئاماژه‌ی به‌ سیسته‌می په‌روه‌ر‌ده‌ و فێركردن كرد كه‌ له‌ قۆناغه‌كانی دایه‌نگه‌ ده‌ست پێده‌كات تاكو ئاماده‌یی ته‌واو ده‌كات و ئه‌م خوێندنه‌ به‌ ئیجبارییه‌ له ‌ساڵی 2012 بڕیاری له‌ سه‌ردراوه‌ تاكو ته‌مه‌نی ده‌گاته‌ 14ساڵ، هه‌روه‌ها ته‌واوی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و فێركردنی له‌ وڵاتی توركیا بۆ شاندی په‌رله‌مانی كوردستان روونكرده‌وه‌.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا هه‌ردووڵا له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی به‌هێزكردنی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و فێركردن ڕاو پێشنیازه‌كانیان ئالوگۆڕكرد و له‌لایه‌ن شاندی لیژنه‌كه‌شه‌وه‌ لۆگۆی په‌رله‌مانی كوردستان پێشهكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی توركیا كرا.
 
 
هه‌ر هه‌مان رۆژ شاندی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا سه‌ردانی  ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆ‌كانی وڵاتی توركیا-یان كرد ‌و له‌لایه‌ن پڕِۆفیسور دكتور یه‌كتا سه‌راچ سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌ و پڕۆفیسور دكتور محه‌مه‌د صاف جێكری سه‌رۆكی ده‌ستهكه‌‌ پێشوازیی لێكرا.
 
 
دوای به‌خێرهاتن، شاندی په‌رله‌مانی كوردستان سوپاسی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆكانی توركیای كرد بۆ ئه‌م بانگهێشتكردن‌ و پێشوازییه‌ ‌و دواتر سه‌رۆكی شاندی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر بارودۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و شه‌رٍی داعش باسكرد ‌و ئاماژه‌ی به ره‌وشی خوێندنی باڵا‌ له‌ زانكۆ‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد به‌ زانكۆ حكومی و ئه‌هلییه‌كان كه‌ سه‌رجه‌میان 30 زانكۆن و رایگه‌یاند: "ده‌مانه‌وی سوود له ئه‌زموونی یه‌كتر ببینین له‌ بواری خوێندنی باڵادا و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاشنای ئه‌و سیسته‌مه‌ی خوێندن بین كه‌ له‌ وڵاتی توركیادا كاری پێده‌كرێت".
هه‌روه‌ها چه‌ند پێشنیازێكیشی خسته‌ روو، له‌وانه‌ زه‌ماله‌ی خوێندن بۆ قوتابی و خوێندكارانی هه‌رێمی كوردستان و ئاسانكاریكردن بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ی كه‌ به ‌نیازن یان ئێستا له‌ توركیا ده‌خوێنن بۆ ماسته‌ر ودكتۆرا وه‌ك هاوتاكردنی برٍوانامه‌كان كه‌ دووباره‌ تاقیكردنه‌وه‌یان پێده‌كرێت تاكو وه‌رده‌گیرین له‌ زانكۆیه‌كانی توركیا.
پاشان سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆكانی توركیا خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌م سه‌ردانه‌ی شاندی په‌رله‌مانی كوردستان ‌و كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ كاری ده‌سته‌كه‌یان له ‌رووی زانستی بۆ شانده‌كه‌ی په‌رله‌مان روونكرده‌وه‌ و له‌سه‌ر زماله‌ی خوێندنیش بۆ قوتابیانی هه‌رێمی كوردستان وتی لیژنه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی توركیا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان بڕیار له‌سه‌ر وه‌گرتنی زه‌ماله‌ی خوێندن ده‌ده‌ن ‌و  بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش  ئاماده‌یی ته‌واوی خۆی بۆ هاوكاریكردنی شانده‌كه‌ی په‌رله‌مان ده‌ربڕی و بۆ كاركردن له‌ پێناو ده‌ستنیشانكردنی كاتێك بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی وه‌گرتنی زماله‌ ی خوێندن له ‌توركیا به‌م نزیكانه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ هاوتاكردنی بڕوانامه‌كان و دووباره‌ تاقیكردنه‌وه‌ به‌و قوتابیانه‌ی كه‌ بۆ خوێندن دێنه‌ توركیا  لای ئێمه‌ یاساییه‌ و رایگه‌یاند: "ئه‌وان ئاماده‌ن ئاسانكاری بۆ قوتابیانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، چونكه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆكانی وڵاتی توركیا ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌ و ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌ 21 كه‌س پێكدێت و 185 زانكۆ له‌ توركیا هه‌یه‌ و 6 ملیۆن قوتابی تیایاندا ده‌خوێنن و  سه‌د هه‌زار قوتابی بیانیش له‌ زانكۆكانی توركیا ده‌خوێنن و به‌شه‌كانی پزیشكی و زانستی-یش له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وهن".‌
له‌كوتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه‌ به ‌تایبه‌تی له ‌رووی خوێندنی باڵاوه‌.
شایه‌نی باسه‌ شاندی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمیی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی توركیا و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆكانی توركیایه‌ و بڕیاره‌ شانده‌كه‌ی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌ ماوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا كه‌ پێنج رۆژ ده‌خایه‌نێ سه‌ردانی دایه‌نگه‌ و قوتابخانه‌ سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی تا زانكۆكان بكه‌ن.  

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ