لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ وخوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ به‌رپرسی سه‌رۆكایه‌تیی ره‌وه‌ندی توركی ‌و خزمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ كاروباری خوێندنی باڵا كۆبۆوه‌

03/06/2016 08:34:00 ص
له‌ درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ وڵاتی توركیا، دوای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی 2016/6/2  شاندی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌سه‌رۆكایه‌تیی ئایدن مه‌عروف ‌و ئه‌ندامییه‌تیی سهام عومه‌ر و راوێژكار و شاره‌زای لیژنه‌كه‌، سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تیی ڕه‌وه‌ندی توركی و خزمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ كاروباری خوێندنی باڵای  كرد ‌و له‌لایه‌ن دكتۆر قدره‌ بلبل به‌رپرسی سه‌رۆكایه‌تیی ڕه‌وه‌ندنی توركی و خزمان له‌ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ كاروباری خوێندنی باڵا پێشوازیی لێكرا.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ شاندی په‌رله‌مانی كوردستان، سوپاسی ده‌وڵه‌تی توركیا-یان كرد  كه‌ به‌رده‌وام هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، له‌ رووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و داوایان كرد ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌ ببێته‌ هۆكارێك  بۆ یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و به‌هێزتر بكرێت و ده‌رفه‌تی خوێندنی باڵا زیاتر به‌ قوتابیانی هه‌رێمی كوردستان بدرێت و ئاسانكارییان بۆ بكرێت.
له‌م دانیشتنه‌دا شاندی په‌له‌مانی كوردستان داوایكرد زه‌ماله‌ی خوێندنی زیاتر به‌ قوتابیانی هه‌رێمی كوردستان بدرێت، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان ئیستا له‌ شه‌ڕێكی سه‌ختدایه‌ له‌گه‌ڵ داعش و هاتنی رێژه‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و قه‌یرانی دارایی وا ده‌خوازێت كه‌ زیاتر هاوكارمان بن بۆ خوێندنی باڵا له‌ توركیا ‌و رێژه‌ی وه‌رگرتنی قوتابیان به‌ زماله‌ زیاد بكه‌ن به‌ هه‌ماهه‌نگی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی توركیا.
له‌ به‌رامبه‌ردا به‌رپرسی سه‌رۆكایه‌تیی ڕه‌وه‌ندی توركی و خزمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ كاروباری خوێندنی باڵا، دوای به‌خێرهێنانی شاندی په‌رله‌مانی كوردستان، كورته‌یه‌كیان سه‌باره‌ت به‌ كاره‌كانی ئه‌و ده‌زگایه‌ی‌ بۆ شاندی په‌ر‌له‌مان روونكرده‌وه‌ ‌و ئاماژه‌ی به‌ڕێژه‌ی ئه‌م قوتابیانه‌ كرد كه‌ تا ئێستا وه‌رگیراون له‌ توركیا بۆ خوێندنی باڵا، به‌ نموونه‌ عێراق كه‌ له‌سه‌ره‌تای 1992 كه‌ به‌رێژه‌ دوو قوتابیان وه‌رگرتبوو، به‌ڵام به‌ پێی رۆژگار ئه‌م رێژه‌یه‌ به‌رزبۆته‌وه‌ ‌و له‌ ئیستادا بووه‌ به‌ 4500 قوتابی كه‌وا له‌رێگای ئونلاینه‌وه‌ داوای خوێندن له‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن بۆیه‌ ئێمه‌ش سه‌یری داواكاریی و پێشنیازه‌كانیان ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر توانای خوێندنی باڵایان هه‌بێت و ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی هه‌بێ ئه‌وا ئاسانكارییان بۆ ده‌كرێت بۆ وه‌گرتنیان، هه‌روه‌ها ئیستا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان رێژه‌یه‌كیان دیاری كردووه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ 100 قوتابی .
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌رپرسی سه‌رۆكایه‌تی بۆ خوێندنی باڵا وتی: له‌به‌ر گرنگیی هه‌رێمی كوردستان ئێمه‌ له‌ عێراق دوو شوێنمان دیاریكردووه‌ بۆ داواكردنی خوێندنی باڵا له‌ وڵات ئه‌ویش هه‌ولێر و به‌غدایه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌ولێرمان دانا چونكه‌ ئیعتیبارێكی زۆرمان هه‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، بۆ پێدانی زه‌ماله‌ی زیاتری خوێندن باڵا به‌ قوتابیانی هه‌رێمی كوردستانیش، به‌رپرسی سه‌رۆكایه‌تیی ڕه‌وه‌ندی توركی و خزمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ كاروباری خوێندنی باڵا وتی: ئێمه‌ ئاماده‌ین هه‌موو هاوكارییه‌ك بكه‌ین  به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ میكانیزمێكی گۆنجاو و گرێنتی هه‌بێت له‌ هه‌ردوولا و بڕیاردرا له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك جارێكی تر دابنیشنه‌وه‌ چ له‌ هه‌رێمی كوردستان بیت یاخود له‌ توركیا بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن له‌رووی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رزی خوێندنی باڵا به‌هه‌موو به‌شه‌كانییه‌وه‌.
له‌كوتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختییان له‌سه‌ر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی نێوانیان كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌رووی خوێندنی باڵادا.
شایه‌نی باسه‌ سه‌رۆكایه‌تیی ڕه‌وه‌ندی توركی و خزمان له ‌ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ كاروباری خوێندنی باڵا به‌رپرسن له‌ بواری وه‌رگرتن و پێدانی زه‌ماله‌ی خوێندن به‌ وڵاتان، ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌و‌ێت له‌ توركیا بخوێنن و هه‌ر زه‌ماله‌یه‌كی خوێندن وه‌ربگیرێت له‌ توركیا ته‌واوی پێداویستییه‌كان و خه‌رجییه‌كانیان  له‌ ئه‌ستۆی خۆیان ده‌گرن وه‌ك شوێنی نیشته‌جێبوون و دیاریكردنی زانكۆ و مووچه‌ی مانگانه‌ بۆ قوتابی خوێندنی باڵا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان