لیژنه‌ی بازرگانى و پاراستنى مافه‌كانى به‌كاربه‌ر به‌دواداچوون بۆ سكاڵای دانیشتووانی كۆمه‌ڵگاكانی نیشته‌جێبوون ده‌كات

23/06/2016 03:29:00 م
سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی 2016/6/22، لیژنه‌ی بازرگانى و پاراستنى مافه‌كانى به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی ماجد عوسمان بازرگان سه‌رۆكى لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ پرسی سیسته‌م ‌و شێوازی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ‌و وه‌رگرتنی بڕێك پاره‌ له‌ هاووڵاتییان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان ‌و چه‌ند كۆمپانیایه‌ك له‌ یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون له‌ شار ‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان تاووتوێ كرا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ ژماره‌یه‌ك سكاڵا له‌لایه‌ن دانیشتوانی كۆمه‌ڵگاكانی نیشته‌جێبوون كه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ جێبه‌جێكراون پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌كه‌ كرابوو له‌سه‌ر بوونی چه‌ندین كه‌موكوڕی له‌ رووی كوالیتی ‌و بیناسازییه‌وه‌، هه‌روه‌ها پابه‌ندكردنی دانیشتوانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ به‌ دانی پاره‌یه‌كی زۆر له‌ به‌رامبه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌كانی خاوێنكردنه‌وه‌ ‌و ئاو ‌و كاره‌با ‌و ئینته‌رنێت ‌و سكیوریتی و ...هتد، به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ دروستبوونی قه‌یرانی دارایی ‌و ره‌چاونه‌كردنی باری ئابووریی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیانه‌ بۆ دانه‌به‌زاندنی ئه‌و نرخانه‌.
 
 
ماجد عوسمان بازرگان سه‌رۆكی لیژنه‌ی بازرگانى و پاراستنى مافه‌كانى به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، تایبه‌ت به‌ سایتی په‌رله‌مان رایگه‌یاند:  "لیژنه‌كه‌مان دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌ت ‌و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ پارێزگاكان، بڕیاریدا سه‌ردانی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌ك بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی كاری پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ی كه‌ یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوونیان به‌ ته‌واوی ئه‌نجام داوه‌ ‌و پڕۆژه‌كانیان ته‌واو كردووه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ پارێزگاكان له‌ رێگه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاشكرا ‌و پێشبڕكێ راده‌ستی كه‌سانی دیكه‌ی پسپۆڕ ‌و شاره‌زا بكرێت ‌و كۆتایی به‌و قۆرخكارییه‌ نایاساییانه‌ بهێنرێت ‌و هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لیژنه‌كه‌مان بۆ رۆژی دواتر سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر-ی كرد بۆ گفتوگۆكردنی ئه‌و پرسه‌ ‌و هه‌ردوولامان هاوڕابووین له‌سه‌ر راده‌ستكردنی كاری خزمه‌تگوزاری به‌ كه‌سانی دیكه‌ی پسپۆڕ ‌و شاره‌زا له‌ رێگه‌ی پێشبڕكێ به‌ دیاریكردنی نرخی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌".
سه‌رۆكی سه‌رۆكی لیژنه‌ی بازرگانى و پاراستنى مافه‌كانى به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "بڕیار وایه‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا لیژنه‌كه‌مان سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی دابه‌شكردنی كاره‌با ‌و لیژنه‌كانی موه‌لیده‌ بكات بۆ به‌ دواداچوون ‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ چۆنیه‌تیی فرۆشتنی كاره‌بای نیشتیمانی ‌و خۆماڵی له‌ناو یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبووندا".
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا لیژنه‌ بڕیاریدا راپۆرتێك له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكرێت بۆ به‌دواداچوونه‌وه‌ ‌و لێكۆڵینه‌وه‌ ‌و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ