سێ لیژنه‌ی په‌رله‌مانی له‌ سكاڵای رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كۆڵنه‌وه‌

02/08/2016 09:30:00 ص
سه‌عات 10:30ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2016/8/2 نوێنه‌رانی هه‌رسێ لیژنه‌ی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ و داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازییان له‌ ده‌سته‌ی به‌رێوه‌به‌رانی رێكخراوی یه‌زدای نێوده‌وڵه‌تی بۆ پارێزگاریكردن له‌مافی ئێزدییه‌كان كرد.
له‌ ده‌سپێكی دیداره‌كه‌دا، له‌لایه‌ن ماتیۆ باربه‌ر به‌رێوه‌به‌ری كاره‌كانی رێكخراوی یه‌زدای نێوده‌وڵه‌تی، كاری رێكخراوه‌كه‌ بۆ گرنگیدان به‌ژنه‌ ئێزدییه‌كانی رزگاربووی ده‌ست تیرۆریستانی داعش و چۆنیه‌تیی یاریكردنی ئاواره‌ ئێزدییه‌كان و پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان بۆ كامپه‌كانی سنووری ئیداره‌ی دهۆك روونكرانه‌وه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی رێكخراوی یه‌زدای نێوده‌وڵه‌تی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ماوه‌ی دوو مانگه‌ ئاسته‌نگ بۆ كاری رێكخراوه‌كه‌یان دروستبووه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان ئه‌وه‌ی بۆ وه‌فدی میوان روونكرده‌وه‌، كه‌ وه‌كو په‌رله‌مان سوپاسی هاوكاری و كاری خۆبه‌خشانه‌ی رێكخراوه‌كه‌یان و هه‌ر رێكخراوێكی تری نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن كه‌ خزمه‌ت به‌قوربانیان و ئاواره‌كانی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌روو كه‌ به‌ناوی په‌رله‌مانتارانیشه‌وه‌ داوای لێبووردنیان ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر لێكتێنه‌گه‌یشتنێك له‌ نێوان ئه‌وان ‌و ده‌زگاكان روویدا بێت و هه‌وڵی چاره‌كردنیشی ده‌ده‌ن.
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان به‌ڵێنیشی به‌ رێكخراوه‌كه‌دا كه‌ لیژنه‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ و داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌یوه‌ندی به‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رپرسانی ئیداریی دهۆك ده‌كه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و كێشه‌ ‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ هاتوونه‌ته‌ به‌رده‌م كاری رێكخراوه‌كه‌وه‌ .
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش روونكرایه‌وه‌، كه‌ لیژنه‌كانی په‌رله‌مان له‌ ماوه‌ى رابردوودا نووسراویشیان ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ بۆ كارئاسانیی زیاتری رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تا بتوانن یارمه‌تی زیاتری ئاواره‌ و لێقه‌وماوان بده‌ن.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ