لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ چه‌ند پرسێكی گرنگی تایبه‌ت تاووتوێ ده‌كات

18/08/2016 06:50:00 ص
به‌مه‌به‌ستى تاووتوێكردنى پرسى خانه‌نشینانی سه‌ربازی و بارودۆخی سه‌نگه‌ره‌كانى هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هاوكارییه‌كانى وڵاتى ئه‌مریكا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، ڕۆژی 2016/8/17، لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیى ئارى محه‌مه‌د هه‌رسین سه‌رۆكى لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ ‌و بڕیارده‌ر ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ‌و راوێژكاری لیژنه‌كه‌ كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی خانه‌نشینانی سه‌ربازی ‌و بارودۆخی سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ‌و هاوكارییه‌كانی وڵاتی ئه‌مریكا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ تاووتوێكران، له‌ لێداونێكیشیدا بۆ سایتی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌، دلێر ماوه‌تى  جێگرى  سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند: "بڕیارماندا وه‌ك لیژنه‌  به‌شدار بین  له‌و لیژنه‌یه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كه‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خانه‌نشینانى پێشمه‌رگه‌، به‌ نووسراویش ده‌ستخۆشى له‌و چاكسازییانه‌ ده‌كه‌ین".
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "تاووتوێى بارودۆخی میحوه‌ره‌كانى جه‌نگمان كرد كه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌موكوڕى بوونى هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ش به‌ نووسراو له‌ رێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران له‌و كه‌موكوڕییانه‌ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان".
سه‌باره‌ت به‌ هاوكارییه‌كانی وڵاتی ئه‌مریكاش بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند: "ئه‌مریكا خۆى هاوكارییه‌كان دابه‌شده‌كات كه‌ بڕه‌كه‌ى 415 ملیۆن دۆلاره‌ ‌و  به‌شى 36 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ده‌كات و مانگانه‌ 26 ملیۆن دۆلار راده‌كێشرێت و ئه‌مه‌ش كارئاسانى ده‌بێت بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و سه‌رفكردنى له‌و هێزه‌".

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ