هه‌ردوو لیژنه‌ى مافى مرۆڤ و كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌گه‌ڵ (یووئێن دى پى) كۆبوونه‌وه‌

24/08/2016 04:12:00 م
به‌ مه‌به‌ستى تاووتوێكردنى پڕۆژه‌یه‌كی ئاماده‌كراو سه‌باره‌ت به‌ مافى پێكهاته‌كان له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی عیراقدا، ئه‌مڕۆ 2016/8/24 لیژنه‌ى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى كاروباری كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى  له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازییان له‌ وه‌فدێكی  رێكخراوى (یووئێن دى پى) كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باس له‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ كرا كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی یوو ئێن دی پی)ییه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ مافی پێكهاته‌كان له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراقدا و له‌وباره‌یه‌وه‌ د.فرسه‌ت سۆفى ئه‌ندامى لیژنه‌ى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به‌ ماڵپه‌ڕى په‌رله‌مانى راگه‌یاند: "ئه‌و رێكخراوه‌ پڕۆژه‌یه‌كیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانى پاراستنى مافى پێكهاته‌كاته‌كان له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كى عێراق له‌وانه‌ (هه‌ولێر، دهۆك، به‌سره‌، به‌غدا، كه‌ركوك) كه‌تیایدا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ چۆن له‌و  پارێزگایانه‌ و له‌ عێراق پارێزگارى له‌ مافى پێكهاته‌كان بكرێت و گه‌شه‌ى زیاترى پێبدرێت، بۆئه‌وه‌ش داوا له‌ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مانى كوردستان و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى ده‌كه‌ن كه‌ هاوكار ‌و هه‌ماهه‌نگییان بن".
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "ئێمه‌ وه‌كو  لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى په‌رله‌مان بڕیارماندا ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ به‌رده‌وامى پێبدرێت و ئاماده‌یى خۆشمان بۆ هه‌موو هاوكارییه‌ك نیشاندا كه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ په‌رله‌مان و هه‌ردوو لیژنه‌كه‌وه‌ هه‌بێت" .

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ