سیمینارێك بۆ پڕۆژه‌ى به‌كۆدكردنى یاسا به‌ركاره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو

05/09/2016 11:20:00 ص
به‌ مه‌به‌ستی خستنه‌رووی پڕۆژه‌ یاسای به‌ كۆدكردنی یاسا به‌ركاره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌عات 10ى سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ 2016/9/5، سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ په‌یمانگاى په‌ره‌پێدانى یاسایى، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ‌و راوێژكارانی په‌رله‌مان، له‌ هۆڵى په‌ناگیرى له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان سیمینارێكیان ئه‌نجامدا.
له‌سیمیناره‌كه‌دا كه‌ به‌ مه‌به‌ستى خستنه‌ڕووی پڕۆژه‌ى (به‌كۆدكردنى یاسا به‌ركاره‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان) بوو، سه‌ره‌تا كارو ئه‌ركى په‌یمانگاى په‌ره‌پێدانى یاسایى به‌ ئاماده‌بووان ناسێنرا و پاشان ناوه‌ڕۆكى پڕۆژه‌كه‌ خرایه‌ڕوو، كه‌ بریتى بوو له‌ سیسته‌مى كۆد بۆ یاسا به‌ركاره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و سوودمه‌ندبووانى سیسته‌مه‌كه‌ و خستنه‌ڕ‌و‌وی خاڵه‌ ئه‌رێنییه‌كان و شێوازى سیسته‌مى به‌كۆدكردن و چۆنیه‌تیى جێبه‌جێكردن و شێوازى گه‌ڕان به‌دواى یاسا كارپێكراوه‌كان.
 
 
هه‌روه‌ها ئامانجه‌كانى كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیارى سیمیناره‌كه‌ خرایه‌ڕوو، دواتر چۆنیه‌تیى سوودوه‌رگرتن له‌ رێگه‌ى سیسته‌مى ئه‌لیكتڕۆنییه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ر تاك و ده‌سته‌ و دامه‌زراوه‌ حكومی و ناحكومیه‌كان ‌و دادوه‌ران و مافپه‌روه‌ران و پارێزه‌ران ‌و یاساناسان و دادگاكان.
پاشان داوا له‌ئاماده‌بووان كرا هه‌رچى سه‌رنج و پێشنیازێكیان هه‌یه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى پڕۆژه‌كه‌یان بیخه‌نه‌ روو، دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانى سیمیناره‌كه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك تێبینى و سه‌رنج و پێشنیاز ئاراسته‌ى په‌یمانگاى ناوبراو كرا به‌ تایبه‌تی له‌ مه‌سه‌له‌ى سیسته‌مى دانانى كۆد له‌سه‌ر یاساكان، ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ سوپاس و ده‌ستخۆشیان له‌ئاماده‌بووان كرد بۆ ئه‌و سه‌رنج ‌و پێشنیاز ‌و گرنگیدانه‌یان و بۆ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پڕۆژه‌كه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان