لیژنەی رۆشنبیريی پەرلەمان پیرۆزبایی لە رۆماننوس بەختیار عەلی دەكات

07/09/2016 09:33:00 ص

بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەكەمی رۆمانەكان لەسەرئاستی ئەمریكای لاتینی و ئاسیاو ئەفریقیا، لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر لە پەرلەمانی كوردستان پیرۆزبایی و دەستخۆشی لەنووسەری رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا، بەختیار عەلی دەكات و لەو پیرۆزباییەدا سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری بەناوی لیژنەكەوە ئاماژە بەوەدەدات: خۆشحاڵن هاوشان لەگەڵ سەنگەری بەرگری و بەرخودانی پێشمەرگە، سەنگەری رۆشنبیری كوردانیش بەرەو پێشەوچوون دایە. ئەمەی خوارەوەش دەقی پیرۆبایی لیژنەی رۆشنبیرییە:

 

پیرۆزبایی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر بۆ نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندانی كوردستان و بۆ خەڵكی كوردستان

زایەڵەی دەنگی زوڵاڵی رەسەنی نیشتیمانیمان لەسەر دەست و پەنجەی نووسەری مەزنی كوردو جیهان (بەختیار عەلی)، بەهۆی هزری بیری باڵا باشناخی ووشەو وێنەو رەنگەكان و، شاوڵی ئاسۆیی و دەق و بەرهەمەكانی، نووسەر و رۆماننوس و شاعیری گەلەكەمان (بەختیار عەلی)، رێچكە شكێنی سنوورەكانی كردو، دواهەمین هەناری كردە بەخششێكی گەردوونی. پیرۆزبایی لەكوردستان دەكەین، كە هێشتا سەدەیەك بەسەر نووسینی یەكەم كتێبی كوردی تێنەپەریوە، بەڵام رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا لەناو رۆمانەكانی (ئەمریكای لاتینی و ئاسیاو ئەفریقیا) دا پلەی یەكەمی هەیە. بەم بۆنە مەزنەوە پیرۆزبایی گەرممان پێشكەشی گەورە نووسەر و رۆمان نووس و ئەدیبی گەورەمان (بەختیار عەلی) و سەرجەم نووسەر و رۆشنبیرو هونەرمەندان دەكەین و، خۆشحاڵین كە لەگەڵ سەنگەری  بەرگری و بەرخودانی پێشمەرگە، سەنگەری رۆشنبیری و شارستانیمان لەپێشكەوتنی مەزندایە.

 

فەرحان جەوهەر قادر

سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر لە پەرلەمانی كوردستان

رۆژمێرى رووداوه‌كان