لیژنه‌ى كشتوكاڵ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى عه‌لوه‌كان كۆبۆوه‌

18/10/2016 12:13:00 م
به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ و گرفته‌كانى عه‌لوه‌كانى كوردستان، ئه‌مڕۆ 18/10/2016 لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارى و ئاودێرى و به‌نداوه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیى غه‌ریب مسته‌فا جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى ژماره‌یه‌ك له‌ عه‌لوه‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك و زاخۆ كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ كاروبار ‌و كێشه‌ ‌و گرفته‌كانی عه‌لوه‌كانی كوردستان كرا، له‌وباره‌یه‌وه‌ غه‌ریب مسته‌فا جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارى و ئاودێرى و به‌نداوه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕى په‌رله‌مانى راگه‌یاند: "شێوازى به‌ڕێوه‌چوونى كاروبارى عه‌لوه‌كان له‌ شاروشارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان جیاوازییه‌كى زۆرى هه‌یه‌ و تا ئێستاش وه‌زاره‌تێكى تایبه‌ت به‌ڕێوه‌یان نابات، بۆیه‌ به‌ پێویستمان زانى وه‌ك لیژنه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى عه‌لوه‌كان كۆببینه‌وه‌ و تاووتوێى كێشه‌ و گرفت و جیاوازییه‌كان بكه‌ین، كه‌ خۆى له‌ وه‌رگرتنى باج و كرێكارى و گرفته‌كانى خزمه‌تگوزاریى عه‌لوه‌كان به‌ گشتى و پاسه‌وانى به‌شه‌كانى ناو عه‌لوه‌كان ده‌بینێته‌وه‌.
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "بڕیار وایه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و وه‌زاره‌تى بازرگانى كۆبونه‌وه‌ بكه‌ین تاوه‌كو وه‌زاره‌تێك سه‌رپه‌رشتیى كاروباری عه‌لوه‌كانى بكات ‌و له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌شداین كه‌ شێوازى وه‌رگرتنى باج و كرێكارى به‌ تایبه‌تى دیارى بكرێت و به‌یه‌كجۆر به‌ڕێوه‌بچێت و وه‌زاره‌تێكیش چاودێرى و به‌دواداچوونیان بۆ بكات بۆئه‌وه‌ى نه‌ هاوڵاتییان و نه‌ جووتیارانیش زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن".

رۆژمێرى رووداوه‌كان