لیژنه‌ی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌زیری كشتوكاڵ كۆبۆوه‌

01/11/2016 09:10:00 ص
به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوون ‌و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ره‌وشی كشتوكاڵ ‌و چه‌ندین بابه‌تی تری په‌یوه‌ست به‌ كاری لیژنه‌كه‌، رۆژی 2016/10/31، لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری ‌و ئاودێری ‌و به‌نداوه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیى غه‌ریب مسته‌فا جێگری سه‌ر ۆكی لیژنه‌ی و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی و راوێژكاری لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌ عه‌بدولسه‌تار مه‌جید  وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ئاوییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، كه‌ پێكهاتبوو له‌ به‌رێوه‌به‌ری گشتیی پلاندانان و به‌رێوه‌به‌ری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان، چه‌ندین كێشه‌ و گرفتی كشتوكاڵی و ئاودێریی، به‌خاڵ بۆ شاندی وه‌زاره‌ت خسته‌ڕوو و دوای تاووتوێكردنیان له‌گه‌ڵ وه‌زیری كشتوكاڵ ‌و شاندی یاوه‌ری له‌ وه‌زاره‌ت، لیژنه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ كرده‌وه‌ ‌و داوایان له‌ وه‌زاره‌ت كرد كه‌ چاودێریی كاره‌كانیان بكه‌ن، خاڵه‌كانیش بریتی بوون له‌: 
- زه‌ویوزاری كشتوكاڵیی گونده‌كان.
- نه‌خۆشییه‌ جۆراوجۆره‌كانی كه‌ رووبه‌رووی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان ده‌بنه‌وه‌.
- خه‌رجی زۆریی جووتیاران.
- به‌نداوه‌كان.
- گومرگه‌كان.
- هاورده‌كردنی به‌روبوومی كشتوكاڵ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان.
- سارده‌كه‌ره‌وه‌كانی به‌رووبوومی كشتوكاڵی. 
له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ئاوییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ و داوایكرد په‌رله‌مان و حكومه‌ت هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ رووبه‌رووی كه‌رتی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه‌. 
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ گومرگی سه‌وزه‌ و میوه‌، وه‌زیری كشتوكاڵ وتی ئه‌و گومرگانه‌ سه‌ر به‌شاره‌وانییه‌كانن و ئێمه‌ داواده‌كه‌ین له‌ حكومه‌ت كه‌بخرێته‌وه‌ سه‌ر وه‌زارتی كشتوكاڵ بۆئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتییان بكه‌ین و له‌ گرفته‌كان بكۆڵینه‌وه‌ و چاره‌سه‌رییان بكه‌ین.
سه‌باره‌ت به‌و به‌رووبوومه‌ كشتوكاڵیانه‌شی كه‌ به‌ رێگای قاچاغ هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن، وه‌زیری كشتوكاڵ رایگه‌یاند: "ئێمه‌ كه‌ بریاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی به‌رووبوومه‌ كشتوكاڵییه‌كانمان ده‌ركرد بۆ ئه‌وه‌بوو تا به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان ساغ بكرێنه‌وه‌ و جووتیارانی هه‌رێم زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن سوود له‌ بڕیاره‌كه‌ ببینن، پێمان وایه‌ كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ تا راده‌یه‌كی باش سوودی به‌ جووتیاران گه‌یاند".
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "ئێستا دیارده‌ی به‌ قاچاغهێنانی هه‌ندی به‌رووبوومی كشتوكاڵی له‌ پارێزگای سلێمانی به‌دی ده‌كرێت ‌و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌یوه‌ندییمان به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی سلێمانی كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی كۆنترۆلی ئه‌و دۆخه‌ بكه‌ن".
 سه‌باره‌ت به‌ساردكه‌ره‌وه‌كانیش، وه‌زیری كشتوكاڵ رایگه‌یاند: "كۆگاكانی ساردكه‌ره‌وه‌ زۆر گرنگ و پێویستن ‌و ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت ئاسانكارییه‌كی زۆرمان بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران كردووه‌ تا بێن كۆگای ساردكه‌ره‌وه‌ دابمه‌زرێنن بۆئه‌وه‌ی خواردنی ته‌واوی ساڵ دابین بكرێت و بۆ هه‌ر به‌رووبوومه‌كی كشتوكاڵی و وه‌رزی".
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا باس له‌ چه‌ندین كێشه‌ی زه‌ویی جوتیاران كرا ‌و داوا له‌ وه‌زاره‌ت كرا كه‌ به‌دواداچوونیان بۆ بكات به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان ‌و گێڕانه‌وه‌ی ماف بۆ خاوه‌نه‌كانیان.

رۆژمێرى رووداوه‌كان