سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان سووتاندی ئاڵای كوردستان لە شاری "عاموودا" شەرمەزاردەكات

04/12/2016 04:33:00 م

لە رۆژی 2/12/2016 هێزەكانی "پەیەدە" لە شاری "عاموودا"ی رۆژئاوای كوردستان هێرشیان كردە سەر نووسینگەی ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا " ئەنەكەسە" و ئاڵای كوردستانیان سووتاند.

ئێمە ئەو كارە بە كارێكی دژ بە سەرجەم گەلی كوردستان دەزانین و شەرمەزار دەكەین، چونكە ئاڵای كوردستان هێمای خوێنی شەهیدان و پێكەوەژیان و ئاشتییە لە هەموو كوردستان، هەروەها هەر كارێكی ئازاردان و توندوتیژی دژ بە هەر تاكێكی كوردستان ئیدانەدەكەین و داوای ئازادكردنی بەپەلەی بێتاوانەكانیش دەكەین.

لە هەمان كاتیشدا دەستخۆشی لە خەڵكی خۆراگری شاری "عاموودا" دەكەین كە بەو پەری گیانی نیشتیمانپەرییەوە ئاڵای كوردستانیان پاراستووە و دەیپارێزن و دڵنیاین كە داوارۆژ بۆ گیانی خۆراگری و خەباتی ئاشتیانە دەبێت.

 

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

4/12/2016


رۆژمێرى رووداوه‌كان