جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە شاندێكی زانا و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی لە بواری بەدواداچوونى تاوانەكانی جینۆساید دەكات

15/01/2017 01:39:00 م

ئەمڕۆ یەكشەممە 15/1/2016 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی زانا و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی لە بواری بەدواداچوونى تاوانەكانی جینۆساید كرد، كە پێكهاتبوو لە دكتۆر "گریگۆری ستانتۆن" مامۆستای شارەزا لە لێكۆڵینەوەكانی جینۆساید لە زانكۆی جۆرج میسون لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و خاتوو " ئەلیسا یۆدن فۆن فۆركن" جێگری یەكەمی سەرۆكی هاوبەندی نێودەوڵەتیی زانایانی جینۆساید و خاتوو " ئیرین فیكتۆریا ماسیمینۆ" مامۆستا لە زانكۆی بۆینس ئایرس و پارێزەری نێودەوڵەتی لە لە زانستی جینۆساید و چاڵاكوان " كامل زۆمایا" بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی رێكخراوی" شلۆمۆ" بۆ دێكیۆمێنتكردن و چاڵاكوان " حسو هۆرمی" سەرۆكی دەزكای ئێزدییەكان لە هۆڵەندا.

لە كۆبوونەوەیەكدا، كە ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەكانی پەیوەندیدار لە پەرلەمانی كوردستان ئامادەیبوون، جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەم سەردانەی شاندی ناوبراو بە پشتیوانییەكی ئەكتیڤ لە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی كە دژ بە پێكهاتەكانی كوردستان ئەنجامدراون وەسفكرد و دووپاتیكردەوە كە هاوكاری و هەماهەنگی نێوان پەرلەمانی كوردستان و شارەزایانی پسپۆر لە بواری جینۆساید فاكتەرێكی هێزە بۆ دێكیۆمێنتكردنی تاوانەكان و دادپەروەری لە كەیسەكانی دادگاییكردنی تاوانبارەكان و جەختیشی لەسەر پێویستیی كاری هاوبەشی نێوان لیژنەكانی پەرلەمان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەم بوارە كرد، هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی گرینگیدانی زانكۆیەكانی كوردستان بە پەرەسەندنی بوارەكانی بەدواداچوونی تاوانەكانی جینۆساید و فەراهەمكردنی كەرەستەكانی راهێنان بۆ شارەزایانی ئەم بوارە لە كوردستان.

لە بەرانبەردا و بە ناوی شاندەكە، خاتوو " ئەلیسا یۆدن فۆن فۆركن" جێگری یەكەمی سەرۆكی هاوبەندی نێودەوڵەتیی زانایانی جینۆساید، سوپاسی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی كرد بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە و كورتەیەكی دەربارەی پرۆژەكەیان و چۆنیەتی هەماهەنكی لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كوردستان و پێشكەشكردنی یارمەتی زانستی و ئەكادیمی و كردنەوی خولی راهێنان پێشكەشكرد  و خۆشحاڵی خۆشیان دەربڕی بە بیرۆكەی خوێندنی ئەم بابەتانە لە زانكۆیەكانی كوردستان و هاوكاریكردنی سەرخستن و بەئەنجامگەیاندی ئەم بیرۆكەیە.

دواتر چەندین تێبینی و بیروڕا  و پێشنیار لە نێوان ئەندامانی شاندی میوان و پەرلەمانتارانی كوردستان و لیژنەی تایبەت بە كەیسی جینۆساید دەربارەی چۆنیەتی بەدواداچوون و مامەڵەكردن لەگەڵ كەیسەكانی جینۆساید و بیرۆكەی دامەزراندنی دادگایەكی لۆكاڵ لە جیاتی دادگای نێودەوڵەتی، كە ئەركی دادگاییكردنی تاوانبارەكانی جینۆساید ئەنجامبدات بە سەرپەرشتی و سوودوەرگرتن لە شارەزایانی نێودەوڵەتی، ئاڵوگۆركران.

لە كوتاییشدا جەخت لەسەر كاری هاوبەش و دروستكردنی گرۆپێكی كار و هەماهەنگی نێوان هەردوولا و ئەنجامدانی وۆركشۆپ و خولی راهێنان كرا.  
 
 
 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ