جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە شاندێكی سەنتەری ئاشتیی جیهانی لە هەرێمی كوردستان دەكات

05/02/2017 06:00:00 م

ئەمڕۆ یەكشەممە 5/2/2016 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی سەنتەری ئاشتیی جیهانی لە هەرێمی كوردستان كرد، كە پێكهاتبوو لە " موعتەز ئەلراوی" سەرۆكی سەنتەری ئاشتی و " تاڤگە عومەر رەشید" ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەرپرسی مافی مرۆڤ و " عەبدولقادر عەبدوڵڵا رەحمان"  ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەرپرسی پەیوەندییەكانی نێوخۆیی و محەمەد عەبدوڵڵا محمەمەد " ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەرپرسی راگەیاندن و " زەیتۆ سەعید" ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەرپرسی بەدواداچوون و هەماهەنگی لە سەنتەری ئاشتیی جیهانی لە هەرێمی كوردستان.

لە سەرەتای دیدارەكەدا، سەرۆكی سەنتەری ئاشتی كورتەیەك دەربارەی ئامانجی دامەزراندنی سەنتەرەكە لە هەرێمی كوردستان و پەیامەكەی خستەڕوو، بۆ گەیاندی پەیامی ئاشتی لە هەرێمی كوردستان بۆ هەموو جیهان و كاركردن لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و بەشداریكردن كارای هەرێم لە كۆنگرەی ئاشتیی جیهانی. هەروەها ئاماژەی بەو كارو چاڵاكییانە كرد كە  ئەنجامیانداوە  وەكو هەڵمەنی بەخشینی خوێن بۆ پێشمەرگەی كوردستان و هەڵمەتی كۆكردنەوی كتێب لە زانكۆ و سەنتەرەكانی خوێندن لە هەرێمی كوردستان بۆ كتێبخانەی زانكۆی مۆسڵ.

لە لایەن خۆشیەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەم كار و چاڵاكییانە بە كارێكی پیرۆز و شایانی رێز و دەستخۆشی  و پشتگیری وەسفكرد و دووپاتیكردەوە كە پەیامی كوردستان هەمیشە پەیامی ئاشتی بووە و بە ئەزموون سەلمێندراوە كە گەلی كوردستان گەلێكی ئاشتیخوازە. سەبارەت بە كێشەكانی ناوخۆیی هەرێمیش، جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بە هەوڵەكانی جێگیركردنەوی ئاشتی و چارەسەركردنی قەیرانەكان و رێگەگرتن لە تەشەنەبوونیان كرد و لە كۆتاییشدا دووبارە دەستخۆشی لە ئەندامانی  سەنتەری ئاشتیی جیهانی لە هەرێمی كوردستان كرد وپشتیوانی پەرلەمانیشی بۆ كارو ئامانجەكانیان دەربڕی.     

رۆژمێرى رووداوه‌كان