شاندێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیا سەردانی پەرلەمانی كوردستان دەكات

13/02/2017 10:21:00 ص

سەرلەبەیانی ئەمرۆ 13/02/2017 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیا، بەسەرۆكایەتی گیوسیپی رۆمانینی سەرۆكی پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی ئیتاڵی كرد.

لەدەسپێكی دیدارەكەدا، سەرۆكی شاندی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیا ئەوەی خستەروو؛ لەسەر پێشنیازی ئینستتیۆتی نێودەوڵەتی كولتووری كوردی لەرۆما، بریارماندا رایەڵەیەكی پەرلەمانی لەنێوان هەردوو پەرلەمانی ئیتاڵیاو هەرێمی كوردستان بنیاتبنێین.  گیوسیپی رۆمانینی سەرۆكی پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی ئیتاڵی ئاماژەی بەوەشدا، كاركردن لەسەر ئەم پرسە دەگەرێتەوەی بۆ كۆتایی ساڵی 2014 و وەك لایەنی ئیتاڵیا كار بۆ كۆكردنەوەی ئەندامانی ئەو گرۆپە كراوەو لەئێستاشدا زیاتر لە 50 پەرلەمانتارو ئەندامانی ئەنجومەنی پیران و بەشێك لەپارێزگارەكان بەشدارییان لەو پرۆژە كردووەتەوەو ئەمەش دەبێتە دەسپێكی گرنگ بۆ لێكنزیككردنەوەی زیاتری كولتووری هەردوو نەتەوەو پتەوتركردنی دۆستایەتییەكانمان.

لەبەرامبەریشدا دكتۆر جەعفەر ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، دەمەزراندنی رایەڵەكە بەیەكێك لەفاكتەرە گرنگەكانی پێشكەوتن و كرانەوەی زیاتری هەرێمی كوردستان بەجیهانی دەرەوە وەسفكردو راشیگەیان: دەبێت لەرێگەی ئەم رایەڵەیەوە هەم پەرلەمانتاران و هەمیش نووسەر و چالاكوانە ئەكادیمییەكانی هەرێم رۆڵێكی كارا بگێڕن بۆ پێشخستنی كۆمەڵگەكەمان و پتەوكردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی كورد لەگەڵ گەلی ئیتاڵیا.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیشیدا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، ئەوەشی خستەروو، كە وەكو لایەنی پەرلەمانی كوردستان ئامادەن هاریكاری و پشتگیری تەواوی سەرخستنی پرۆژەكە بكەن و كاری جددی لەسەر بكەن بۆئەوەی لەنزیكترین دەرفەتدا ئەو رایەڵەیە كارەكانی بەتەواوەتی دەست پێبكات.

جێی ئاماژەیە، ئەندامانی شاندی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیا پێكهاتبوون لە "لیا كوارتەپێلا" لەكۆمسیۆنی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیاو "پیا مۆكاتێڵی" سەرۆكی كۆمیتەی مافەكانی مرۆڤ لەپارتی سۆسیالیستی ئیتاڵی و پرۆفێسۆر  "ئەدریانۆ رۆسی" سەرۆكی بەشی زانستی ئینستیتوتی نێودەوڵەتی كولتووری كوردی لەرۆما و پرۆفێسۆر "جیۆڤانی دێسی" دامەزرێنەری ئینستتیۆتەكەو مامۆستا لەزانكۆی "تۆر ڤێرگاتا" و "د. سۆران ئەحمەد" سكرتێری گشتی و دامەزرێنەری ئینستتیتۆتەكە و "د.ئیریك بوركهاردت"ی یاریدەدەری.   


رۆژمێرى رووداوه‌كان