جێگری سەرۆكی پەرلەماني كوردستان و سەرۆكی پەرلەمانی قوبروس جەخت لەسەر پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی قوبروس دەكەن

13/02/2017 11:06:00 ص

ئەمڕۆ دووشەممە 13/2/2017 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە تەلاری پەرلەمان، پێشوازیی لە " جۆرج كیپریاندیس" نێردەی تایبەتی سەرۆكی پەرلەمانی وڵاتی قوبروس و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا، دكتۆر جەعفەر ئێمینكی بەناوی پەرلەمانی كوردستان و گەلی كوردستانەوە سوپاسی گەل و حكوومەت و پەرلەمانی قوبروس كرد بەرنبەر پەرۆشییان بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەیان و هەرێمی كوردستان و پشتیوانیكردنی دۆزی گەلی كوردستان و راشیگەیاند كە هاوسۆزیی وڵاتی قوبروس لەگەڵا هەرێمی كوردستان جێگەی رێزو بایەخە، هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی یەكێتی ئەورۆپا بەگشتی و وڵاتی قوبروس بەتایبەتی لە یارمەتیدانی گەلی كوردستان لە جەنگی دژی داعشدا كرد و تێگەیشتنیان لە كێشە و ئاوات و ئارەزۆی كوردستانیان بە وەرچەرخانێكی مێژووی لەقەڵەمدا.

لە لایەكی ترەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمان تیشكی خستە سەر رەوشی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ‌ و هەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان و داواشی لە وڵاتی قوبروس كرد كەناڵەكانی پەیوەندی لەگەڵا هەرێم فراونتربكات و بۆ ئەم بەمەستەش كۆنسوڵخانەی لە هەولێر بكاتەوە.

لە بەرانبەردا، نێردەی تایبەتی سەرۆكی پەرلەمانی قوبروس خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە بۆ كوردستان دەربڕی و جەختی لەسەر گرنگی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان پشتیوانیكردنی وڵاتەكەی بۆ دۆزی رەوای گەلی كوردستان كردەوە و داوای لە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی كرد بە سەرۆكایەتی شاندێكی پەرلەمان سەردانی پەرلەمانی وڵاتی قوبروس بكەن بۆ تاوتوێكردنی رێگاكانی كردنەوەی كەناڵی زیاتری پەیوەندییەكان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونەكانی یەكتری.

هەر لە نێو ئەو دیدارەدا " دیمتریس سیلۆریس"ی سەرۆكی پەرلەمانی وڵاتی قوبروس پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامداو هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی قوبروس كرد و سەرۆكی پەرلەمانی قوبروس پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە.   


رۆژمێرى رووداوه‌كان