جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ كۆنسوڵی ژاپۆن كۆده‌بێته‌وه‌

22/02/2017 09:46:00 ص

سه‌عات 10:00ى سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ 2017/2/22، د.جعفر ابراهیم ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌گه‌ڵ كاتسومی مۆریاسو كونسوڵی گشتیی وڵاتی ژاپۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبۆوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران و ئه‌ندامانی گرووپی دۆستایه‌تیی په‌رله‌مانیی ژاپۆنی كوردستانی به‌ڕێوه‌چوو، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان خۆشحاڵی خۆی به‌ كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی ژاپۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و باسی له‌ رۆلی وڵاتی ژاپۆن كرد به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه‌ پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی كردووه‌. 
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ی بۆ كۆنسوڵی ژاپۆن روونكرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و قه‌یرانی دارایی و هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئاواره‌كان ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئاواره‌كان بۆ هه‌رێم و جه‌نگی داعش وایكرد هه‌رێم به‌ قۆناغێكی سه‌ختی داراییدا تێپه‌رێت، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌ كۆنسوڵی ژاپۆن كرد كه‌ وڵاته‌كه‌یان هاوكار و یارمه‌تیده‌ری هه‌رێمی كوردستان بێت هه‌م له‌تێپه‌ڕاندنی شه‌ڕ دژ به‌تیرۆریستان و هه‌میش له‌تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی دارایی و بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان بارودۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانی بۆ كۆنسوڵ رووونكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "دوای راسپارده‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ئێستادا پرۆسه‌ی گفتوگۆكان له‌نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌ و قۆناغی یه‌كه‌می به‌سه‌ركه‌وتوویی ته‌واوكردووه‌ و له‌ماوه‌یه‌كی نزیكیشدا قۆناغی دووه‌می ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌ستپێده‌كات و به‌وهیوایه‌ی كه‌سه‌رجه‌م كێشه‌و ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
له‌به‌رامبه‌ردا كونسوڵی گشتیی ژاپۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆشحاڵی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌ رۆلی پێشمه‌رگه‌ كرد له‌ رووبه‌روونه‌وه‌ی داعشدا. 
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كونسوڵی گشتیی ژاپۆن باسی له‌و بڕه‌ هاوكارییانه‌ كرد كه‌ پیشكه‌شی حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كراون و رایگه‌یاند كه‌ بۆ داهاتووش پلانی تایبه‌تییان ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی هاوكاریی زیاتری هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
 


رۆژمێرى رووداوه‌كان