جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە شاندێكی رێكخراوی فیدراڵی نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ دەكات

02/03/2017 05:45:00 م

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/3/2017 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی رێكخراوی فیدراڵی نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ كرد، كە پێكهاتبوو لە پارێزەر" أمیر محمد سلیمان" لە سەنتەری ئەفریقی بۆ لێكۆڵینەوەكانی ئاشتی و دادپەروەری و " لۆلۆە گلال الرشید" لێكۆلەر و مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی پاریس و " أمل محمد نصار" لێكۆلەر لە بواری یاسا نێودەوڵەتییەكان و دادپەرەوەری.

لە دیدارێكدا، كە سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان و ئەندامانی لیژنەی پەرلەمان بۆ بەدواداچوونی كەیسی جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان ئامادەیبوون، جێگری سەرۆكی پەرلەمان خۆشحالی خۆی بە سەردانی شاندەكە دەربڕی و كورتەیەكی دەربارەی هەوڵەكانی پەرلەمانی كوردستان دەربارەی بەدواداچوونی كەیسەكانی جینۆساید خستەڕوو و جەختی لەسەر گرنگی هەماهەنگی نێوان هەموو لێكۆلەر و یاساناسان لە بوارەكانی تاوانەكانی جینۆساید و دامەزراندنی دادگای تایبەت بۆ دادگاییكردنی سەرانی داعش و ئەنجەمدەرانی ئەم تاوانانە كردەوە، هەروەها تیشكی خستە سەر ئەو جۆر و چەندیەتی ئەو تاوانانەی كە دەرهەق بە ئێزدی و كریستیانەكان و پێكهاتەكانی تر كراون لە كاتی هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەكە و داوای لە رێكخراوی فیدراڵی نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ كرد رۆڵێكی ئەكتیڤ لەم كەیسەدا بگێرێت.

لە لایەن خۆشیەوە سەرۆكی شاندەكە پۆختەیەكی ئامانجی سەردانەكەیان بۆ كوردستان و كاری رێكخراوەكەیان خستەڕوو، كە رێكخراوێكی ناحكوومیی تایبەتە بە مافەكانی مرۆڤ و 178 رێكخراو  لە 129 دەولەت لە خۆوەوە دەگرێت و ئامانجەكەی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و چەسپاندنی دادپەروەرییە و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هەماهەنگی و هاوكاریكردنی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە كەیسی جینۆساید.

هەر لە دیدارەكەدا چەند وردەكارییەك دەربارەی رێگە یاساییەكان و چۆنیەتی كاركردن بۆ دادگاییكردنی تاوانبارەكان تاوتوێكران.     

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ