پەیامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵیادی كارەساتی "ئەنفال"دا

13/04/2017 12:34:00 م

ئەمڕۆ یادی "29" ساڵەی كارەساتی "ئەنفال" دەكەینەوە، ئەو تاوانەی كە دوور لە هەموو بەها مرۆیی و ئاینی و ئەخلاقییەكان لە لایەن رژێمی بەعسەوە لە ساڵی 1988 دا دژی خەڵكی بێتاوانی كوردستان ئەنجامدرا و لە ئاكامدا بە هەزاران پیرو منداڵ و ژن و پیاو بێسەروشوێنكران .

بە ناوی خۆمان و پەرلەمانی كوردستانەوە جارێكی تر سەرەخۆشیی ئاراستەی كەسوكاری ئەنفالكراوان و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەكەین و هاوبەشی غەمیانین.

تاوانی "ئەنفال" زامێكی قووڵ بووە، بەڵام گەلی كوردستان دووپاتیكردەوە كە گەلێكی زیندووە و بەرگەی جۆرەها زوڵم و ستەم و چەوسانەوەی كردووەو تا گەیشتە قۆناغی ئەمڕۆی پڕ لە دەستكەوت و سەروەری، كە ئەركی هەموومانە بە تەبایی و یەكڕیزی بیانپارێزین و بە یەكدەنگی رووبەڕووی دوژمنان و ناحەزان ببینەوە بۆ وەدیهێنانی ئاواتەكەمان لە وڵاتێكی سەربخۆدا.

هەر لەم یادە خەمناكەدا، هیواخوازین هەوڵەكان لەسەر هەموو ئاستەكان چڕتر بكرێنەوە بۆ ئەوەی تاوانی "ئەنفال" بە جینۆساید بناسێنرێت‌ و كەسوكاری ئەنفالكراوان قەرەبوو بكرێنەوە .

سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی "ئەنفال" و سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادیی كوردستان.

 

 

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

13/4/2017


رۆژمێرى رووداوه‌كان