جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆردومانكردنی ناوچەكانی شنگال لە لایەن فرۆكەجەنگییەكانی توركیاوە شەرمزاردەكات

25/04/2017 01:07:00 م

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 25/4/2017 فرۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند شوێنەكیان لە چیای شنگال و دەوروبەری بۆردومانكرد و چەند سەنگەر و بارەگایەكی پێشمەرگەی كوردستان بەبەر بۆردوومانەكە كەوتوون و لە ئاكامدا 5 پێشمەرگە شەهیدبوون و 9ی تریش برینداربوون و زیانێكی زۆریش بەر ناوچەكە كەوتووە.

   بەناوی پەرلەمانی كوردستانەوە نیگەرانی خۆمان بەرانبەر ئەم كردەوەیە دەردەبڕین و شەرمەزاردەكەین و بە كارێكی دژ بە ئارامی و سەقامگیری و سەروەری خاكی هەرێمی كوردستان دەزانین و داوا لە وڵاتی توركیا دەكەین چیتر ئەم جۆرە كارانە، كە دژی یاسا نێودەوڵەتیيەكانن، دووبارە نەكاتەوە. لە هەمان كاتیشدا دووبارە داوا لە پەكەكە دەكەین هەبوونی ناڕەوای خۆی لە چیای شنگال و دەوروبەری دووربخاتەوە كە بۆەتە هۆی گرفت و كێشە و زیانگەیاندن بە خەڵكی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان بەگشتی.

  شەهید و برینداربوونی ئەم ژمارە لە پێشمەرگەی كوردستان جێگەی داخێكی زۆرە. سەرەخۆشی لە خانەوادەو كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوەی بەپەلە بۆ بریندارەكان دەخوازین.

 

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

25/4/2017


رۆژمێرى رووداوه‌كان