ڕوونكردنەوەیەك لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانەوە

02/05/2017 04:24:00 م

لە رۆژی یەكشەممە 30/4/2017 ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پرسی پەرلەمانی كوردستان خستە نێو كارنامەی دانیشتنێكی ئاسایی خۆیدا بە مەبەستی گفتوگۆكردنی، كە لە تێروانینی ئێمەوە ئەم هەنگاوە مەبەستەكەی سیاسی ئیستفزازیە و هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووری نییە، بەڵكو سەرپێچی خوودی دەستووری عیراق و پەیڕەوی ناوخۆیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە، بە شێوەیەك كە ماددەی(61) لە دەستووری عیراق  تایبەتمەندی (اختصاصات)ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی دیاریكردووە بە ( 9 ) برگە بەم شێوەیەی خوارەوە:

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەم كارانە دەكات:

1-       دەركردنی یاساكانی فیدراڵی.

2-       چاودێریكردنی دەسەلاتی راپەڕاندن (لە ماددەی 66 دیاریكردووە كە مەبەستی دەسەلاتی راپەڕاندنی فیدرالییە).

3-       هەلبژاردنی سەرۆك كۆمار.

4-       پەسەندكردن لەسەر پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان.

5-       رەزامەندی دەربڕین لەسەر دامەزراندنی سەرۆك و ئەندامانی دادگای تەمییزی فیدراڵ و سەرۆكی داواكاری گشتی و كۆمەڵێك فەرمانبەری پلە باڵای مەدەنی و سەربازی، كە لە برگەكانی(ب،ج) ئاماژەی پێكراوە.

6-       لێپرسینەوە لە سەرۆك كۆمار لە كاتی ئەنجامدانی تاوانە گەورەكان، وەكو ( لادان لە سوێندی دەستوری، پێشێلكردنی دەستوور، خیانەتی گەورە (الخيانة العظمى).

7-       لێپرسینەوە لە سەرۆك و ئەندامانی دەسەڵاتی راپەڕاندن.

8-       لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆك و ئەندامانی دەسەڵاتی راپەڕاندن.

9-       رەزامەندی دەربڕین لەسەر شەڕ و راگەیاندنی باری نائاسایی.

ئەمانەن "اختصاصات"ى ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە (علی سبیل الحصر) هاتووە.

بەڵام قسەكردن لەسەر بارودۆخی پەرلەمانی كوردستان، جگە لەوەی كە كارێكی نامۆراڵانەی سیاسییە، پێچەوانەی ئەو ماددە دەستورییەشە كە ئاماژەمان پێكرد و هەر بریارێك لەم بارەیەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەربچوێنرێت، بڕیارێكی پوچەلە (باطل)ە، چونكە پێچەوەانەی دەستوورە. لە لایەكی ترەوە، خودی پەیرەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەمان دەقی دەستووریی ئاماژەپێكراو دارشتووەتەوە. بۆیە داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەكەین پێداچوونەوە بەو هەنگاوە چەوتە بكەن. لەلای خۆشمانەوە یادداشتێكی فەرمی سەبارەت ئەم بابەتە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران عیراق و رای گشتی دەكەین.

 

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

2/5/2017 


رۆژمێرى رووداوه‌كان